پارتی بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی: وه‌زاره‌تی نه‌وتمان ده‌وێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌رانبه‌ر چه‌ند مه‌رجێكی دیاریكراودا به‌شداریی له‌ حكوومه‌تی عێراقدا ده‌كات و سه‌رچاوه‌یێكیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت كه‌ پارتی به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی ڕاگه‌یاندوووه‌ له‌مجاره‌دا وه‌زاره‌تی نه‌وتییان ده‌وێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 6ی تشرینی یه‌که‌می 2018 میدیاكانی عیراق له‌ زاری سه‌رچاوه‌یێكی ئاگاداره‌وه‌ بڵاویان كرده‌وه‌ که‌ "تیمی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سعوود بارزانی به‌ عه‌بدولمه‌هدی ڕاگه‌یاندوووه‌ به‌پێی چه‌ند مه‌رجێک به‌شداریی له‌ حكوومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌دا ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت."

هه‌ر به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ "پارتی داوای وه‌زاره‌تی نه‌وتی كردوووه‌ له‌بری وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ له‌ دانووستانه‌كانی ئێستای پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقدا بۆی پێشنیار كراوه‌."

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی ده‌كات "بارزانی پێیوایه‌ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌ی تاكه‌ مه‌رجه‌ كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌ و وه‌رگرتنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش بوار بۆ هه‌رێم ده‌ڕه‌خسێنێت نه‌وتی خۆی هه‌نارده‌ بكات و مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وته‌وه‌ بكات له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌تر به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ڕێگری لێبكرێت."

پێشتر ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕای‌گه‌یاندبوو كورد وه‌زاره‌تێكی سیادی له‌ پێكهاته‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقدا وه‌رده‌گرێت و وه‌زاره‌تی دارایی بۆ كورد پێشنیار كراوه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38586

Your Comment

You are replying to: .
captcha