به‌رهه‌م ساڵح و خزه‌یه‌ر خوزاعی کۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکۆماری عێراق و جێگری پێشووترین سه‌رۆک کۆمار کۆ بوونه‌وه‌ و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه 6ی تشرینی یه‌که‌می 2018 د. به‌رهه‌م سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازی کرد له‌ دکتۆر خزه‌یه‌ر خوزاعی جێگری پێشووتری سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دوعاتولئیسلام- ڕێکخستنی عێراق.

له‌ دیدارێكدا خوزاعی پیرۆزباییی گه‌رمی خۆی ده‌ربڕی بۆ سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح به ‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک کۆمار و داوای سه‌رکه‌وتنی بۆ سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح کرد له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانیدا.

هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ تاوتوێ کرا و ته‌ئکیدیش کرایه‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگیی پێکهێنانی حکوومه‌تێک که‌ خواسته‌کانی گه‌لی عێراق به‌دی بێنێت.

سه‌رۆک کۆمار ستایش و سوپاسگوزاری خۆی ده‌ربڕی بۆ دکتۆر خوزاعی له ‌به‌رامبه‌ر سه‌ردانه‌که‌ی و هه‌ڵوێستی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌موو ڕۆڵه‌کانی عێراق و په‌رۆشی له‌سه‌ر پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له ‌نێوان هه‌موو پێکهاته‌کاندا.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38576

Your Comment

You are replying to: .
captcha