داوای ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی گۆڕان و یه‌کگرتوو ده‌كرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌كێک له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له ‌سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌منیداری حیزبه‌كه‌ی ‌و عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌که‌می 2018 ئه‌بووبه‌كر عه‌لی له‌ میانی په‌یامێک له‌ژێر ناوی "ده‌رفه‌تێكی گونجاو بۆ سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین و كاک عومه‌ری سه‌ید عه‌لی" ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگادار بین ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌ دوو كه‌سی خاوه‌ن مێژووی تێكۆشان (هه‌ریه‌كه‌ و به‌جۆرێک) و نه‌زیه و پاک له‌ ڕووی دارایی و جنسییه‌وه‌ و به‌ڕێزن به‌ڵام له‌به‌ر ڕۆشنایی واقیع و دۆخی گۆڕان و یه‌كگرتوو له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان وا هه‌ست ده‌كرێت شه‌مه‌نده‌فه‌ری وه‌زیفه‌ی سیاسییان وه‌ک كه‌سی یه‌كه‌م له ‌حیزبه‌كانیاندا گه‌یشتبێته‌ كۆتا وێستگه‌ی خۆی".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كگرتوو ده‌شڵێت: "بۆیه‌ له‌ سۆنگه‌ی زیاد له‌ هۆكارێک و به‌رپرسی یه‌كه‌م له‌و پاشه‌كشه‌ قورسه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بۆ حیزبه‌كانیان به ‌حوكمی پێگه‌كه‌یان دروست بوووه‌٬ پێویستی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ سه‌رمه‌شقی كرداری٬ ده‌ست له‌ پۆسته‌ حیزبیه‌كه‌یان بكێشنه‌وه‌".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌مساڵدا هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و عێراق به‌رێوه‌ چوووه‌ و به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش گۆڕان ‌و یه‌كگرتوو زیاتر له ‌هه‌موو حیزبه‌كان له‌ ڕووی ده‌نگه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌یان كردوووه‌.

ئه‌بووبه‌کر عه‌لی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "سوودمه‌ندی یه‌كه‌میش له‌م هه‌نگاوه‌ خودی به‌ڕێزیان ده‌بن٬ ئیعیتبارێكی زۆرتریان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌خلاقییانه‌ كۆتایی به‌ ژیانی حیزبی و سیاسی خۆیان له ‌پۆستی كه‌سی یه‌كه‌می حیزبدا ده‌هێنن، ئه‌مه ‌جگه ‌له‌وه‌ی كلتوورێكی نوێی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا داده‌هێنن، به‌وه‌ی ده‌بێت سیاسه‌تمه‌دار و به‌رپرس لێپرسراوییه‌تی پێگه‌ و لێپرسراوییه‌تی هه‌ڵبگرێت و له ‌كاتی شكستیشدا ده‌ست له ‌كار بكێشێته‌وه‌".

ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ‌و سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین به‌م هه‌نگاوه‌ یارمه‌تی دووباره‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی حیزبه‌كانیشان ده‌ده‌ن و "کۆمه‌ڵگه‌ش له ‌داهاتوودا و به‌تایبه‌تیش ده‌نگده‌رانی هه‌ردوولا پاداشتی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش له‌وكاته‌ی حیزبه‌كانیان له‌ قۆناغی داهاتوودا توانای خۆنوێ كردنه‌وه‌ و به‌خۆداچوونه‌وه‌یێكی جدیان هه‌بێت."

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38572

Your Comment

You are replying to: .
captcha