کوردپرێس:
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێری سەرکەوتووی ئەو پارتە لە پارێزگای کەرکووک لە پۆستێکیدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "لەسەر بنەمای رێککەوتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەولێر، من خۆم رێگەم نەداوە و نادەم پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک".
ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی دەشڵێت، "ئەوەی سەرساممان دەکات بێدەنگیی سیاسەتمەداران و حیزبە تورکمانییەکانە".
لەبارەی ئەو قسانەی ئەرشەد ساڵحی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی رێککەوتنێک بڕیاردراوە دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک نەکرێتە قوربانیی ئەجێندای هەرێمی و نێودەوڵەتی؛ بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکووک و ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تێدایە کە داعش بۆ هێرشەکانی ئەو بۆشاییە دەقۆزێتەوە".
بەربژێرە سەرکەوتووەکەی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "هیچ کەس و هێزێک ناتوانێت رێگربێت لەبەردەم گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووک؛ پێشمەرگە هەر دەگەڕێتەوە".
رۆژی سێشەممە 26-10-2021 شاندی باڵای هاوئاهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەنتەری میدیا و زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرا.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەرکی ئەو دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.
Your Comment