کوردپرێس:
دۆناڵد ترەمپ کەیفی سازە لە بەر ئەوەی ئەگەرچی هێشتاکە یەک مانگی ماوە گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ئێران دەست پێبکات بەڵام دەبینێت کە کارتێکەریی ئەو سزا ئابوورییانە خۆی نواندووە بەڵام ئەوەی کە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگاتە سیفر زیاتر لە گاڵتە دەچێت. ڕاستە گەمارۆکان هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی ئیفلیج کردووە بەڵام تا ئەم کاتەش نەیتوانیوە ببێتە هۆی گۆڕدرانی ڕەفتار و سیاسەتی حکوومەتی ئێران ئەوەش لە کاتێکدایە نرخی نەوت گەشتۆتە ئاستێک کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و ئەمریکاش ناچارە باجی گران بوونی نرخی نەوت بدات.
ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی خاو و غازی شلی ئێران لە مانگی نیسانەوە تا ئێستا سەدا 30 دابەزیوە و چاوەڕوان دەکرێت پاش ئەوەی گەمارۆ نەوتییەکان لە مانگی تشرینی دووهەمدا دەستی پێکرد دابەزینی زیاتریش بە خۆوە ببینێت.
ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە مانگی نیسانەوە (یەک مانگ پێش ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکشێتەوە) 870 هەزار بەرمیل دابەزینی بە خۆوە بینیوە. بەگوێرەی داتاکان وا دەردەکەوێت ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی ئێران لە مانگی ئەیلوولدا بۆ کەمتر لە دوو ملوێن بەرمیل دابەزیوە. پڕۆسەی دابەزینی ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی ئێران خێراتر لەوەی کە چاودێرانی سیاسی پێشبینییان دەکرد لە دابەزیندایە و ئەگەرچی هێشتاکە 5 حەفتە بەدەستەوە ماوە تاکوو دەستپێکردنی گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دابەزینی زیاتریش بە خۆوە ببینێت.
هەناردەکردنی نەوت بۆ کۆریای باشوور و فەڕەنسا لە مانگی حوزەیرانەوە ڕاگیراوە. ئێستا ژاپۆنیش نەوتی ئێران ناکڕێت. پاڵاوگە نەوتەکانی هێندستانیش بۆ ئەم مانگەی نۆڤێمبەر (تشرینی دووهەم) داوای نەوتی نەکردووە و چینیش ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێرانی تا ئاستێکی بەرچاو کەم کردۆتەوە و ئێران دەستی کردووە بە پاشەکەوت کردنی زیاترین ڕێژەی نەوت لە تەنکەرەکانی نێو بەندەرەکانی خۆی.
سەرکەوتنی دووهەم ترەمپ ئەوە بوو کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ناچار نەکراون بۆ دابین کردنی پێداویستیی خۆیان زەحمەت بن بەڵکوو دۆستان و دوژمنانی ئەمریکا فشاری گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بۆ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە قەرەبوو دەکەنەوە. هاوپەیمانە ئەورووپی و ئاسیاییەکانی ئەمریکا ئێستا ناچارن بەدیلێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی جێگای ئێرانی پێ پڕ بکەنەوە. تەنانەت پێ دەچێت چینیش پێشوازیی لە نەوتە هەرزانەکەی ئێران نەکردووە ئەگەرچی دیار نییە ئایا ئەو مەسەلەیە نێوانی پکەن و واشەنتۆن خۆش دەکات یان خەیر.
بەڵام ئەو بژاردانەی بڕیارە بکرێنە بەدیل بۆ جیگرەوەی ئێران نەک هەر لە باری تێچوو و نرخەوە لە نەوتە داشکاوەکەی ئێران گرانترن بەڵکوو ئەو پاڵاوگەیانەش لە باری ئابووری و ژێرخانەوە تووشی زەرەر دەکات لەبەر ئەوەی پاڵاوگەکان بۆ نەوتی ئێران و بەگوێرەی پێوەر و ستاندەری نەوتی ئێران بونیات نرابوون. کۆریای باشووری نموونەی ئاشکرای ئەو بابەتەیە. کۆریای باشوور لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سەدا 60ی غازی شلی ئێرانی کڕیوە و لەو کاتەوە نەوتی ئێران ناکڕێت ناچارە لە شوێنی دوورترەوە نەوتەکەی دابین بکات و تێچووەکەی زیاتر بێت.
نەوت و غازی شلی هەناردەکراوی ئەمریکا لە سێ حەفتەی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە لە بەر ئەوەی کڕیارانی نەوت لە ئاسیا ناچار بوون بەدیلێک بۆ جێگرەوەی ئێران بدۆزنەوە. ئەوەش سێهەم سەرکەوتنە بۆ ترەمپ. گەمارۆ ئابوورییەکان، کەرتی نەوتی ئەمریکای بووژاندۆتەوە و حەفتەی پێش 21ی ئەیلوول زیاتر لە 2.5 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە ئەوەش لە کانوونی یەکەمی 2015وە کە گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵگیرا نموونەی نەبووە.
ئەگەر کەسێکی دیکەش لە جێگەی ترەمپ لە کۆشکی سپیدا بوایە ئەوا خۆش کەیف دەبوو. بەڵام سەرێکی دیکەی ئەم گوریسەش ئەوەیە ئەمریکا نەیتوانیوە ڕەفتار و سیاسەتی ئێران بگۆڕێتو دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش هیچ گۆڕانکارییێکی بەسەردا نەهاتووە و ئەو شەڕانەی ئێران تێیدا بەشدارە و ئەمریکاش پشتیوانیی گرووپەکانی دیکەی تێدا دەکات هێشتاکە لە قۆناغی کۆتایی نزیک نەبۆتەوە و ئێران چۆکی بۆ فشارەکانی ئەمریکا دانەداوە و ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزاییەی جان بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی داوای دەکات تەنها وەکوو خەون و خەیاڵ دەنوێنێت.
نرخی نەوتی خاوی دەریای باکوور بۆ یەکەم جار لە 2014وە تا ئێستە گەشتۆتە زیاتر لە 80 دۆلار و ئەگەر ئێران لە بازاڕی نەوت بسڕدرێتەوە نرخەکە زیاتریش دەبێت و پێ دەچێت سێ ڕەقەمی ببێتەوە. بۆیە جێی سەرسوڕمان نەبوو ئەگەر ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بە سەر ئوپێکی بۆعورزەدا بخوڕێت.
نەوتی سەد دۆلاری بۆ هەموو شۆفیرەکانی عالەم و بەتایبەت ئەمریکییەکانیش هەواڵێکی ناخۆشە و گەمارۆکانی سەر ئێران ئەو ڕەقەمە بەرزتریش دەکاتەوە. ئێستاش کە لە هەڵبژاردنی کونگرێسی ئەمریکا نزیک دەبینەوە ئاسایییە کە ترەمپ خەتاکان دەخاتە ئەستۆی بەرهەمهێنەرە بیانییەکانی نەوت.
Your Comment