کوردپرێس:
نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران وەڵامی پرسیارەکانی کوردپرێسی دایەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەمە 30ی ئەیلوولی 2018 بەڕێوە دەچێت و بە بڕوای ناوبراو سەرکەوتنی لایەنێک بە سەر لایەنێکی دیکەدا لەم هەڵبژاردنەی پەڕلەمانی کوردستان کارتێکەر دەبێت لە مەسەلەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
ناوبراو تیشکی خستە سەر تایبەتمەندیی ئەم خولەی هەڵبژرادن و ڕایگەیاند: ئاسایییە کە هەموو هەڵبژرادنێکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بەرنامە و ناوەرۆک و خزمەتگوزاری لەچاو هەڵبژاردنەکانی خولەکانی پێشووتر جیاواز دەبێت.
نازم دەباغ گوتیشی: هەڵبژرادنی ئەم خولەی پەڕلەمانی کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، دۆخی هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتی لەباری جوگرافی و سیاسییەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ بۆیە لەم قۆناغەدا دەنگدەران دەتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان لە پەڕلەمان هەڵبژێرن.
کوردپرێس لەبارەی کارتێکەریی ئەم لەهڵبژاردنە لە سەر پرسی دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراق پرسیاری لە نازم دەباغ کرد و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران ئاوا وەڵامی دایەوە: بەڕای من یەک لەو شوێندانەرییانەی ئەم هەڵبژاردنە دەیبێت دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بەو بۆنەیەشەوە هەموو حیزب و لایەنەکان هەوڵ دەدەن خۆیان بە باڵادەست و براوە پیشان بدەن و بیسەلمێنن کە کارتێکەرییان دەبێت لە ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
شیاوی ئاماژەیە ئەمڕۆ یەکشەمە 30ی ئەیلوول کاتژمێر 8ی بەیانی دەنگدانی پەڕلەمانی کوردستان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەستی پێکرد و زیاتر لە 3 ملوێن کەس مافی دەنگدان و بەشداریکردنیان هەیە بۆ ئەوەی چارەنووسی 111 کورسیی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان 30 حیزبی بەشداربووی هەڵبژاردن دیاری بکەن.
Your Comment