نێچیرڤان بارزانی پاش ده‌نگدان: هه‌موو لایه‌نه‌کان ڕێز له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بگرن/ حیزبه‌کان مه‌سه‌له‌ی سه‌رکۆمار یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان پاش ده‌نگدان گوتی: هه‌موو لایه‌نه‌کان ڕێز له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بگرن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلوول نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان كرد و ده‌نگی دا له‌ كۆنگره‌یێکی رۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: "هیواداره‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش ئه‌نجامه‌كه‌ قبووڵ بكه‌ن به‌ر هه‌ر جۆرێک بێت چوونكه‌ ئه‌نجام هه‌ر چۆنێک بێت ئه‌وه‌ی براوه‌یه‌ خه‌ڵكی كوردستانه".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا كێشه‌ هه‌ر ده‌بێت به‌ڵام تا ئێستا نابینین كێشه‌یێک هه‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ئه‌وا كۆمیسیۆن چاره‌سه‌ری ده‌كات، ئه‌وه‌ كاری ئه‌وانه‌."

ناوبراو له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا وتی: "من كێشه‌یێک نابینم له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی چوونكه‌ پڕۆسه‌ی بانگه‌شه‌ ته‌بیعه‌تی وایه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت خۆیان به‌ باشترین شێوه‌ ده‌ربخه‌ن".

له‌ کۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای كرد پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ ناو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له ‌به‌غدا یه‌كلا بكرێته‌وه‌.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراق ماف‌ و به‌ركه‌وته‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌ک حیزبێک یان لایه‌نێكی دیاریكراو.

نێچیرڤان بارزانی كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراته‌ گوتی ئه‌وان وه‌ک پارتی كاندیدێكیان هه‌یه‌ و یه‌كێتیی نیشتمانیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌رهه‌م ساڵحی كاندید كردوووه‌ بۆیه‌ باشتره‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه‌ سوننه‌كان كاندیدی خۆیان هه‌بوووه‌ بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌ و شیعه‌كانیش كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن یه‌ک كاندیدیان بۆ سه‌رۆک وه‌زیران هه‌بێت بۆیه‌ باشتره‌ كوردیش یه‌ک كاندیدی هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38381

Your Comment

You are replying to: .
captcha