کوردپرێس:
لەکاژێر 08:00 ی سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 30-9-2018 لەسەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بخەنە نێو سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان بۆ چوارساڵی داهاتوو لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرن.
دوو ملیۆن و 914 هەزار و 992 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 29 قەوارە و لیستی جیاجیا لەم هەڵبژاردنە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی 111 کورسی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان درەنگانی شەوی رابردوو شەش بڕیاری بەپەلەی دەرکرد و رایگەیاند، لە رۆژی دەنگداندا ئەوەی "رەگەزنامەی عێراقی- جنسیە عێراقی" دەبات پێویستە "ناسنامەی باری شارستانیشی - هەویەی ئەحوال مەدەنی" پێبێت، ئەگەرنا ناتوانێ دەنگ بدات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بنکەی دیاربەکر لە هەولێر ئامادەبوو و دەنگی خۆی خستەنێو سندووقی دەنگدان.
هەروەهاش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای کردنەوەی دەرگای بنکەکان، لە بنکەی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگی خۆی خستە نێو سندووقی دەنگدان.
Your Comment