بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى كوردستان ده‌ستی پێكرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌ڕله‌مانى كوردستان ده‌ستی پێكرد و تا 28ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و لایه‌نه‌كان ده‌ستیان به‌ بانگه‌شه‌ كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، كاتژمێر 12:00ی شه‌وی دووشه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلوول به‌ فه‌رمى بانگه‌شه‌ ده‌ستی پێكرد ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌یێک له‌ واده‌ى دیاریكراوى خۆى دواخرا به‌ بڕیارێكى كۆمیسیۆن.

بڕیاره‌ 30ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت و كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش رایگه‌یاندوووه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییێکیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجام داوه‌.

بڕیاربوو 5ی ئه‌یلوول بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێبكات به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ 11ی ئه‌م مانگه‌ دواخست.

به‌پێی دوایین داتای تۆماری كۆمیسیۆن سێ ملیۆن و 85 هه‌زار و 461 كه‌س مافی ده‌نگدانیان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش دوو ملیۆن و 911 هه‌زار و 313 كه‌س له‌ ده‌نگدانی گشتی به‌شداری ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها به‌پێی دوایین داتای تۆماری كۆمیسیۆن 174 هه‌زار و 148 كه‌س مافی به‌شداری كردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی تایبه‌تدا هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37995

Your Comment

You are replying to: .
captcha