فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش داوا له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌کات به‌ توندی به‌ره‌نگاری خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌ ببنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی عێراق به‌ فه‌رمانێک ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ توندی به‌ره‌نگاری "كرده‌ی گێره‌شێوێنی" ببنه‌وه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی پارێزگای به‌سره‌دا ڕوو ده‌ده‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌ به‌یاننامه‌یێكدا ڕای‌گه‌یاند: حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ باره‌گای فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یێكی ئه‌منی له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منیی به‌سره‌ی كردوووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار دراوه‌ "ڕێوشوێنی تایبه‌ت بۆ پاراستنی ئاسایش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و تایبه‌ت بگیرێته‌به‌ر و فه‌رمانیش دراوه‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كراوه‌ بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ "كرده‌ی گێره‌شێوێنی" كه‌ له‌ ناو خۆپیشاندانه‌كاندا ڕوو ده‌ده‌ن و پارێزگاریی له‌ دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت بكرێت و (یاسا بسه‌پێنرێت)."

فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوووه‌ "له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێویسته‌ پابه‌ندی ئه‌و فه‌رمانانه ‌بن و ڕێوشوێنی یاساییی توند بگرنه‌به‌ر و داوا له‌ هاووڵاتیانیش ده‌كه‌ن هاوكاریی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن و له‌ هه‌ر گردبوونه‌وه‌یێک كه‌ ئامانجی په‌لاماردانی دامه‌زراوه‌كانه‌ دوور كه‌ونه‌وه‌ و هاوكاریی ئه‌و گرووپانه‌ نه‌كه‌ن و له‌ ناوچه‌یێكه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یێكی دیكه‌ نه‌یانگوازنه‌وه‌ و پابه‌ندی رێنماییه‌كانی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان بن."

شایانی باسه‌؛ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ خۆپیشانده‌رانی پارێزگای به‌سره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق تووڕه‌ن و خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه‌ به ‌شێوازی جۆراوجۆر ناڕه‌‌زایی دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیان ده‌رده‌بڕێن و ده‌ڵێن: "ته‌نانه‌ت ئاوی خواردنه‌وه‌یان نییه‌ و ئاوی سوێر ده‌خۆنه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نه‌خۆشی و په‌تا له‌ پارێزگاكه‌ بڵاو بوووه‌ته‌وه‌."

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی "روسیه‌ الیوم"

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37910

Your Comment

You are replying to: .
captcha