پارتی: له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردندا نین/ گۆڕان: تێبینیمان له‌سه‌ر تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌یه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ سلێمانی، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند: هیچ گرفتێكی ته‌كنیكی بوونی نییه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، هه‌ریه‌ک له‌ شۆڕش حاجی، گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و مه‌حموود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له‌ كۆنگره‌یێكی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.

سه‌ره‌تا شۆڕش حاجی، رایگه‌یاند: ئه‌وان تێبینییان له‌سه‌ر تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌یه‌ و به‌ گوته‌ی خۆی بێگه‌رد نییه‌ و ناكرێ هه‌ڵبژاردنی تێدا بكرێت.

هاوكات دووپاتی كرده‌وه‌، ساڵی رابردووش ئه‌وان له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان نه‌بوونه‌ و هه‌موو كاتێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا بكرێت.

لای خۆیه‌وه‌، مه‌حموود محه‌مه‌د وتەبێژی پارتی، سووربوونی حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام دانی هه‌ڵبژاردن دووپات كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: كاره‌ ته‌كنیكییه‌كانی كۆمیسیۆن ته‌واو بوونه‌ و ته‌واوی رێكار و هه‌نگاوه‌كان به‌ڕێوه‌چوونه‌ و هیچ گرفتێكی ئه‌وتۆ له‌ پێشدا نییه‌ تا هه‌ڵبژاردنی بۆ دوابخرێت.

ڕوونیشی كرده‌وه‌، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌بارن بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 30ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 37833

Your Comment

You are replying to: .
captcha