زه‌ریف: پێویسته‌ پارێزگای ئیدلب له‌ تیرۆریستان پاک بکرێته‌وه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ريف وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئيسلامیى ئێران له‌ ميانه‌ى سه‌ردانى بۆ ديمه‌شق و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری سووریا ڕای‌گه‌یاند: پێويسته‌ پارێزگاى ئيدلب له‌ تيرۆريستان و توندڕه‌وه‌كان "پاک بكرێته‌وه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وه‌ليد موعه‌ليم وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى سووريا داواى له‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف كردوووه‌ تاران به‌رده‌وام بێت له‌ پشتيوانی كردنى وڵاته‌كه‌ى بۆ كۆتايی هێنان به‌ تيرۆر له‌ سووريادا.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ريف ئه‌وه‌شى بۆ به‌رپرسانى سووريا دووپات كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ كۆتايى به‌ ده‌سه‌ڵاتى ميليشيا توندڕه‌وه‌كان و گرووپه‌ تيرۆريستييه‌كان له‌ ئيدلب و ته‌واوى ناوچه‌كانى سووريا بهێنرێت.

ڕووسيا و ئێران سه‌باره‌ت به‌ دوايين مۆڵگه‌ى چه‌كداره‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى ديمه‌شق گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌ردوولا سوورن له‌سه‌ر كۆنترۆڵ كردنى پارێزگاكه‌ له‌لايه‌ن سوپاى سوورياوه‌.

سوپاى به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكى سووريا به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارييه‌كانى بۆ نزيكبوونه‌وه‌ له‌ پارێزگاى ئيدلب و ده‌ست پێكردنى ئۆپه‌راسيۆنى كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ى شاره‌كه‌ و ڕووسيا و ئێرانیش پشتيوانى سوپاى به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر شاره‌كه‌.

هه‌ينى ڕابردوو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا مايک پۆمپيۆ ڕای‌گه‌یاند: واشنتۆن هێرشى سوپاى ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر ئيدلب به‌ هه‌وڵێك بۆ ئاڵۆزكردنى ره‌وشى سووريا ده‌زانێت.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا هۆشداريشى دايه‌ ئه‌سه‌د له‌وه‌ى چه‌كى كيميايى له‌ ميانى هێرشه‌كه‌ى بۆ سه‌ر ئيدلب به‌كار بهێنێت.

بڕياره‌ ڕۆژى 7ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ريه‌ک له‌ ئێران و ڕووسيا و توركيا سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسى ئيدلب گفتوگۆ بكه‌ن.

هه‌ريه‌ک له‌ ڕۆحانی و پووتن و ئه‌ردۆغان له‌ تاران كۆ ده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرسى ئيدلب يه‌كلا بكه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر چاره‌سه‌رێک بۆ كۆتايی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتى ميليشياكان ڕێكبكه‌ون.

توركيا سوپايێكى فره‌ميليشيايى به‌ ناوى "سوپاى نيشتيمانیى سووريا" له‌ ئيدلب دروست كردوووه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتيواني كردنى گرووپ و ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى ئيدلب و دژى ئه‌وه‌يه‌ سوپاى سووريا هێرش بكاته‌ سه‌ر شاره‌كه‌ بۆ كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌.

نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتوووه‌كان هۆشدارى داوه‌ له‌ ڕوودانى كاره‌ساتێكى ديكه‌ى مرۆيى له‌ شاره‌كه‌ که‌ به‌ گوێره‌ى خه‌مڵاندنى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووووه‌كان، ئه‌گه‌ر شه‌ڕى ئيدلب ده‌ست پێبكات 700 هه‌زار هاووڵاتى نيشته‌جێى شاره‌كه‌ ئاواره‌ ده‌بن كه‌ له‌ ئێستادا نزيكه‌ى سێ مليۆن كه‌س له‌و شاره‌ ده‌ژين.

ميليشياكان ئيدلبيان كردوووه‌ته‌ دوايین په‌ناگه‌ى خۆيان، دواى ئه‌وه‌ى به‌ خێزانه‌وه‌ له‌ شاره‌كانى درعا و فوعا و كفريا به‌ گوێره‌ى ڕێككه‌وتنيان له‌گه‌ڵ ڕووسه‌كان ره‌ويان كرد.

سوپاى توركيا چه‌ندين پێگه‌ى سه‌ربازى له‌ سنوورى ئيدلب دروست كردوووه‌ و پشتيوانى ميليشياكان ده‌كات.

به‌ره‌ى نوسره‌ باڵى سوورياى ڕێكخراوى قاعيده‌ كه‌ له‌ ئاستى جيهاندا وه‌ک گرووپێكى تيرۆريستى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت هه‌ژموونى خۆى به ‌سه‌ر زۆرێک له‌ گرووپ و میليشياكانى ديكه‌ى شاره‌كه‌دا سه‌پاندوووه‌.

ڕووسيا و سووريا و ئێران داوا ده‌كه‌ن ئه‌و لايه‌نانه‌ى ده‌يانه‌وێت دانووستان بكه‌ن بێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ دانووستان.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی فارس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37810

Your Comment

You are replying to: .
captcha