شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ برێت ماكگۆرک كۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندێكی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرک نوێنه‌ری سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش كۆ بوونه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شه‌وی ڕابردوو 2ی ئه‌یلوول شاندی هاوبه‌شی پارتی دیموكرات و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرک له‌ شاری هه‌ولێر کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقه‌وه‌ گفتوگۆیان کرد.

هاوكات بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه ‌بچێت ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک كۆماری عێراق واده‌كه‌ی دیاری كرد.

به‌پێی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بڕیاره‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک كۆمار و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی وتارێک پێشكه‌ش بكه‌ن.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا به‌ ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار ده‌كرێته‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تاوه‌كوو سه‌رۆک و دوو جێگره‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێن، دواتریش په‌رله‌مانتاران سوێندی یاسایی ده‌خۆن.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یێک كه‌ دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو بڵاو كرایه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی سائیروون و نه‌سر و حیكمه‌ و وه‌ته‌نییه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی ڕاده‌گه‌یه‌نن.

له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا واژۆی ژماره‌یێک که‌سایه‌تی هه‌یه‌ له‌وانه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نه‌سر، عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌، حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا عاقوولی، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سائیروون، ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌، ئوسامه‌ نوجه‌یفی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی قه‌رار، ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی، محه‌ممه‌د عوسمانی خالیدی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی به‌یارق ئه‌لخه‌یر، قاسم ئه‌لفه‌هداوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی عابیروون، نه‌وفه‌ل شه‌ریف جه‌وده‌ له‌ پێكهاته‌ی سابیئه‌، عه‌مانوێل خۆشابا له‌ پێكهاته‌ی كریستیان، سائیب خدر.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37790

Your Comment

You are replying to: .
captcha