بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، دەستوەردانە هەرێمی و دەرەكییەكان و ئەو دووبەرەكیەی یەكێتی و گەلی عێراقی كردووەتە ئامانج، گرنگە هەموو برایانی هاوبەش لە پرۆسەی سیاسی یەكگرتووبین و پاڵپشتی یەكدی بكەین بۆ شكست پێهێنانی ئەو پیلانانە.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە دەستوەردانە دەرەكییەكان، كە هەوڵی دروست كردنی درزێک و دۆزینەوەی حاڵەتێک لە ململانێ و شەڕی ناوخۆ دەدەن، هیچ كەس لێیی دەرباز نابێت و كەسیش بەرەكەی ناچنێتەوە جگە لە بێئومێدی، دۆڕان، پەشیمان بوونەوە و بەرپرسیارێتی گەورە لەبەردەم پەروەردگار لە بەرامبەر ڕژانی خوێن و وێران بوونی نیشتمان و هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەروەری وڵات.
مالكی دەڵێت: رێگری دەكەین لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە دانووستاندنەكان بە نوێنەرایەتی بۆ كۆكردنەوەی لایەنێک دژی لایەنێكی دیكە.
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕاشیگەیاندووە: بە هەموو ئەو برایانە دەڵێم، كە بەرژەوەندی نیشتمانیان دەوێت، گوێ لە دەنگی دوورەبەركی نەگرن، كە هێزە دەرەكییەكان دەیڕێسن بۆ ئەوەی بە خوێنی گەل بۆیەی بكەن. راشكاوانە دەڵێم، بەو ئاراستەیە ناڕۆین كە وڵاتانی هەرێمی و زلهێز دەیانەوێت، رێگەش نادەین بچووكترین چەک بەڕووی سنگی برایانی یەک نیشتمان بكرێتەوە.
مالكی داواش لە سەركردەكان دەكات لە دانیشینێكی ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانەی عێراق گوێ لە یەكدی بگرین، لە پێناو بونیاتنانەوەی نیشتمان و دووبارە ئاوەدان كردنەوەی ئەوەی تیرۆر وێرانی كردووە.
سەرچاوە: سوومریه نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment