ئەیمەن شەمەری: سائیروون له‌ داخوازییه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كاندا له‌گه‌ڵ كورده‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوپه‌یمانیی سائیروون كه‌ له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در پاڵپشتی ده‌كرێت، پاڵپشتیی داواكارییه‌كانی كورد ده‌كات له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ده‌ستووردا و به‌ ره‌وای ده‌زانێت، به‌ڵێنیش ده‌دات سازش له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌ییی عێراق نه‌كات.

کوردپرێس:

ئه‌یمه‌ن شه‌مه‌ری، سه‌ركرده‌ لە هاوپه‌یمانیی سائیروون به‌ پێگه‌ی "بغداد الیوم" گوتووه‌: "گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكوه‌زیران له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه‌ نابێت، به‌ڵكوو به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌یێكی سیاسی و حكوومی بۆ قۆناخی داهاتوو ده‌بێت".

شه‌مه‌ری گوتوویه‌تی: "ئه‌و شانده‌ چوارقۆڵییه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، وه‌ك به‌شێك بووه‌ له‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی نێوانیان كه‌ پێش چه‌ند رۆژیك له‌ هوتێل بابل ساز كرابوو. له‌وێ ئه‌وه‌ دیاری كرا كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ سائیروون هاوپه‌یمانن، هه‌وڵ بۆ گفتوگۆكردن ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی رایانبكێشینه‌ ناو ئه‌و "پرۆژه‌ نیشتمانی"یه‌وه‌، به‌ ئامانجی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق كه‌ حكوومه‌تێكی ته‌كنۆكرات بێت".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "كورد له هه‌موو حكوومه‌ته‌كانی پێشوو مه‌رج و داواكاریی هه‌بووه‌، هه‌ندێكیان جێبه‌جێ كراون و هه‌ندێكیان به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور بووه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "سائیروون پێی وایه‌ داواكانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وایه‌، حكوومه‌ته‌كانی پێشووتر كه‌مته‌رخه‌مییان به‌رامبه‌ری هه‌بووه‌".

شه‌مه‌ری ده‌ڵێت: "سائیروون له‌ داخوازییه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كاندا له‌گه‌ڵ كورده‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كورد یه‌كناگرێته‌وه‌ له‌و خاڵه‌ی له‌سه‌ر حیسابی پێكهاته‌كانی دیكه‌ بێت و ئێمه‌ سازش له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عێراقیش ناكه‌ین".

رۆژی 27/8/2018 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی نه‌سر ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ چوارقۆڵییه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن، سازش له‌سه‌ر كه‌ركووك ناكه‌ن.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 37693

Your Comment

You are replying to: .
captcha