سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بۆ یەکێتی هەڵە بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بۆ حزبەکەیان هەڵە بووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێخ موحسین محێدین، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی بە باسنیووز-ی ڕاگەیاندووە: "بارودۆخی یەکێتی لە دوای ڕووداوەکانی ھەشتی تەمووزەوە بە قۆناغێکی باشدا ھەنگاو دەنێت، راستە ھەموو حزبێکی سیاسی ڕووبەڕووی کێشەی ناوخۆیی دەبێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێتی خاوەنی یەک بڕیار و یەک ھەڵوێستە".

باسیشی لەوە کرد کە سەرکردایەتیی حزبەکەی دەتوانێت کێشەی لاهوور جەنگی، هاوسەرۆکی بێدەسەڵاتکراوی یەکێتی یەکلا بکاتەوە، بەڵام ئێمە پێمانوایە سیستەمی هاوسەرۆکی لە نێو یەکێتیدا هەڵە بووە.

جەختی لەوەش کردەوە کە پێکەوە کارکردن ئاساییە، بەڵام سیستەمی هاوسەرۆکی نەک بۆ لاهوور جەنگی، بەڵکوو بۆ هیچ کەسێکی دیکە پەسەند ناکریت.

لەبارەی ئەگەری جیابوونەوەی لاهوور جەنگی لە یەکێتی و دروستکردنی حزبێکی دیکە، ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتی: "یەکێتی کەسی لێ زیاد نییە، بەھۆی کەسێکیشەوە پەکی ناکەوێت، ھەرچەندە زۆر کەس و لایەن لە یەکێتی جیا بوونەوە، بەڵام بینیمان ھەر کەسێک لە دەرەوەی یەکێتی بێت، ئەو ھێزە نییە بتوانێت بمێنێتەوە".

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە: "ئەوەی حەز دەکات لە نێو یەکێتیدا خزمەت بکات، دەرگای یەکێتی واڵایە، ئەوەشی دەیەوێت لە دەرەوەی یەکێتی کار بکات، بۆ خۆی ئازادە".

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی ڕەتی کردەوە هیچ پلانێک بۆ بەستنی پلینیۆم لە نێو حزبەکەیدا هەبێت، چونکە لاهوور جەنگی ھەموو دەسەڵاتەکانی خۆی بەجێھێشتووە و باڤڵ تاڵەبانی دەسەڵاتەکانی وەرگرتووە.

News Code 3768

Your Comment

You are replying to: .
captcha