یاسین عیزه‌ددین: هه‌نارده‌ نه‌کردنی نه‌وتی که‌رکووک زیان به‌ حکوومه‌تی عێراق ده‌گه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- تا ئێستا هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووک بۆ توركیا نه‌گه‌یشتوون به ‌ڕێككه‌وتن و جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتییش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: مانه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووک له‌ چاڵه‌كاندا زیان به ‌حكوومه‌تی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ناچاره‌ له ‌ڕێگه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ هه‌نارده‌ بكات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یاسین عیزه‌دد‌ین جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی ڕای‌گه‌یاند: تا ئێستا هیچ ڕێککه‌وتنێک له‌ نێوان حكوومه‌تی ئێستای عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان نه‌كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی که‌رکووک له ‌ڕێگه‌ی بۆریی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ كاتێكدا عێراق به‌هۆی ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌و پارێزگایه‌ نزیكه‌ی 3 بۆ 4 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوووه‌.

ناوبراو وتیشی: "مه‌سه‌له‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی که‌رکووک ده‌كه‌وێته‌ دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقه‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ پێكهێنانی ئه‌و حكوومه‌ته‌ش زۆر بخایه‌نێت چوونكه‌ دروست كردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ له‌م كاته‌دا كارێكی زۆر قورسه ‌و كوردیش تا ئێستا خۆی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌".

یاسین عیزه‌ددین ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی داهاتووی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێم ڕێككه‌وتن بكات و دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌ هیچ گرفتێک نابێت نه‌وتی كه‌ركووک له ‌بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان بكرێت.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: نه‌وتی که‌رکووک چه‌ند بمێنێته‌وه‌ زیانی بۆ حكوومه‌تی عێراق ده‌بێت بۆیه‌ له ‌كۆتاییدا ده‌بێت هه‌ر له ‌ڕێگه‌ی بۆریی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی بكات چوونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ینێرێت مانه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ زیان له ‌بیره‌ نه‌وته‌كان ده‌دات بۆیه‌ ناچار ده‌بێت له‌ كۆتاییدا ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37592

Your Comment

You are replying to: .
captcha