کوردپرێس:
هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئەگەری ئازادنەکردنی قەشە ئەمریکییەکە بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لە تورکیا کرد، هەڵوێست و بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ تاقی نەکاتەوە.
هاوکات سارا ساندەرز وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بە ئازادکردنی قەشە ئاندرو برەنسن ئەمریکا پێداچوونەوە بە سزاکانی سەر تورکیا دەکات، وتیشى سزا داراییەکانی تورکیا وەکو وەڵامێک بۆ سزاکانی ئەمەریکا تۆڵەسەندنەوەیە و هەنگاونانە بە ئاراستەیەکى هەڵەدا.
جەختی لەوەش کردەوە سەپاندنی باج بەسەر کانزاکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی تورکیدا پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە نیە و پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاوە هەیە.
لەبەرانبەریشدا مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەن، ئەگەر ئەو وڵاتە هەڕەشە لە تورکیا نەکات.
هاوکات ئیبراهیم کاڵن وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا خواستى نییە خۆى لە شەڕێکى ئابوورییەوە بگلێنێت بەڵام ئەگەر هێرشکرایە سەرى دەستەوسان نابێت و وەڵامى بۆ واشنتۆن دەبێت.
هاوکات ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە سەروتارێکدا نووسیویەتی، ئەمریکا کارێکی دروستی کردووە کە فشار دەخاتە سەر تورکیا بەڵام بەشێوەیێکی هەڵە ئەو کارە دەکات، چوونکە لە ئێستادا تورکەکان ئەمریکا بە تاکە هۆکاری دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەیان دادەنێن کە لە ڕاستیدا لەپێش ئەوەش بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزیندابوو.
لەلایێکى ترەوە سندووقى دراوى نێودوڵەتی بە پێویستی زانیوە تورکیا پابەند بێت بە سیاسەتى ئابووریى دروستەوە ئەگەر بەنیاز بێت داواى هاوکاریی دارایى لە سندوقەکە بکات، ئەگەر چی تا ئێستا ئەنقەرە ئەو داوایەی پێشکەش نەکردووە.
وەک وەڵامدانەوەیێکیش بۆ سزاکانی ئەمریکا، دوێنێ تورکیا بەپێی مەرسوومێک بایکۆتی بەکارهێنانی کەرەستە ئەمریکییەکانی کردووە و لەسەر توتن و پێکهاتەکانی جوانکاریی و خواردنەوە کحوولییەکان و ئۆتۆمبیل باچی زۆری سەپاندووە و بایکۆتی بەکارهێنانی مۆبایلی ئایفۆن و کەرەستە ئەلکترۆنییەکانی ئەمریکای کرد.
Your Comment