سنوورێکی نوێ لە نێوان تورکیا و عێراق بۆ هەناردە کردنی نەوتی کەرکووک دەکرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، حەیدەر عەبادی رایگەیاند: بڕیار دراوە دەروازەیێکی سنووریی نوێ لە نێوان عێراق و تورکیا بکرێتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بەرەو بەندەری جەیهان و تورکیا بەڵێنی داوە عێراق بەشی خۆی لە ئاوی دیجلە و فورات بەتەواوی وەردەگرێت. راشیگەیاند، عێراق رێگەنادات لە خاکەکەیەوە هیچ گرووپێک مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروست بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەیان، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ سەرۆکی تورکیا باسیان لە پرسی تیرۆر، ئاو و وزە و چەند پرسێکی دیکەش کردووە.

عەبادی جەختی کردەوە، رێگەنادەن هیچ گرووپێکی چەکدار لە خاکی عێراقەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروست بکات. گوتیشی "پلانمان بۆ زیاتر پاراستنی سنووری نێوان عێراق و تورکیا هەیە".

حەیدەر عەبادی ئاشکراشی کرد، ئەردۆغان دووپاتی کردووەتەوە تورکیا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت و هاوکار دەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق. پێشوازیش دەکەن لە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ.

سەرۆکی تورکیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی نەوتی کەرکووکیش گفتوگۆیان کردووە. عەبادی گوتی: "کاردەکەین بۆ ئەوەی بەزوویی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی تورکیاوە هەناردە بکرێت".

رەجەب تەیب ئەردۆغانیش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی بە سوودبەخش ناوبرد و گوتی کۆمەڵێک بابەتی گرنگمان تاوتوێ کرد.

ئەردۆغان رایگەیاند: رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرین. عێراق قۆناخەکانی داعش و گشتپرسی تێپەڕاند. ئێمە هەمیشە گرفتی عێراقمان بە هی خۆمان زانیووە. عێراق و تورکیا لە زۆر بابەتدا یەک چارەنووسیان هەیە".

لەبارەی حکوومەتی نوێی عێراق، ئەردۆغان رایگەیاند "هیوادارین حکوومەتێک پێک بهێندرێت رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت".

سەبارەت لە پەکەکەش، ئەردۆغان گوتی: بۆچوونی خۆمان لەبارەی پەکەکە بە حەیدەر عەبادی راگەیاند، لەگەڵ عێراق هاوڕاین لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

سەبارەت بە تورکمانەکان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند تورکمانەکانی کەرکووک رووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەتەوە".

بەگوتەی ئەردۆغان هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا رێکەوتوون لەسەر کردنەوەی دەروازەیێکی سنووریی نوێ لەگەڵ عێراق.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 37306

Your Comment

You are replying to: .
captcha