کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی بۆ ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق نەبووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەو سەردانەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لایان بۆ دانوستاندن نەبووە و تەنیا بۆ زەمینەسازیی گفتوگۆ بووە بۆ نەهێشتنی کۆسپەکانی کاتی هەڵبژاردن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە: "ئێستا کە هەڵبژاردنی پێشوەختە کراوە و ئەنجامەکان دەرچوون، هەوڵ هەیە بۆئەوەی زەمینەسازی بکرێت بۆئەوەی کۆسپ و تەگەرەکانی کاتی هەڵبژاردن نەهێڵدرێن، وەکوو ئەو سەردانەی دوێنێی شاندی پارتی بۆلای یەکێتی. ئەم دیدارە سرووشتی دانوستاندنی نەبوو، تەنیا بۆ زەمینەسازی بووە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە لە ساڵی 2019وە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گۆڕەپانی تەحریر، پەیوەندی لەنێوان لایەنە کوردی و عێراقییەکاندا دەستیپێکردووە و هەمیشە لەسەر بابەتی ئاییندەی عێراق گفتوگۆ لەنێوانیاندا هەبووە، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێک بووە لەو لایەنە کوردییانە.

ئێستا کە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق راگەیێندراوە، پرسی هاودەنگی و یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان بۆ بەغدا بووەتە رۆژەڤ و هەمووان جەختی لێدەکەنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی، "یەکێتی پێیباشە ئێمە پێکەوە لەسەر ئاییندەی عێراق و داخوازییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەین و بیکەین بە بەرنامە و پرۆژەیەکی هەرێمی کوردستان و جێ پەنجەی هەموو لایەنەکانی پێوە دیاربێت و، ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە دەچێت بۆ بەغدا لەوێ جێبەجێی بکات. پێموایە باشترە هەموو لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەشداری بکەن، چونکە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە هەم یەکێتی دەرگای بەڕووی هەموو لایەنە کوردییەکاندا کراوەیە، هەم سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات، ئەوەیش بۆئەوەی لەبارەی چوون بۆ بەغدا و کۆدەنگیی کوردی گفتوگۆ بکات.

دوای دەرکەوتنی ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە هەڵبژاردندا، بابەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ هاتووەتە پێشەوە کە پێویستی بە سازان و دانوستاندنە.

سەعدی پیرە باسی لەوەش کرد، "سەردان بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئاییندەی سیاسیی عێراق دوای دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دەبێت. لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیشدا دوای دەرچوونی ئەم ئەنجامانە پەیوەندیی تەلەفۆنی هەیە، وەکوو دەوڵەتی یاسا، رەوتی سەدر و لایەنەکانی دیکە. ئێستا لە عێراق بووە بە عورف کە لەسەر بەرنامەی حکوومەت رێککەوتین، ئەو عورفە وایە کە سەرۆکی حکوومەت ماڵی شیعە هەڵیدەبژێرن، سەرۆککۆمار لایەنە کوردییەکان و سەرۆکی پەرلەمانیش سوننەکان دەستنیشانی دەکەن".

News Code 3729

Your Comment

You are replying to: .
captcha