دانووستانی نێوان کورد و دیمه‌شق یارمه‌تی به‌ درێژه‌پێدانی حوکمڕانیی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌دات

به‌شی جیهان- گۆڤاری ئۆراسیا ڕیۆیۆ خوێندنه‌وه‌یێک بۆ دانووستانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا ده‌کات و ده‌نووسێت: ئه‌و دانووستانانه‌ ده‌توانێت به‌رده‌وامیی حوکمڕانیی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر سووریا به‌ وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی کوردی لێبکه‌وێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کورده‌کانی سووریا به‌ بۆنه‌ی هه‌ندێک هۆکار له‌وان ئه‌گه‌ری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا، به‌رده‌وامیی هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئاشتییانه‌ی پرسی کوردی ئه‌و وڵاته‌ شاندێکیان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ڕه‌وانه‌ی دیمه‌شق کرد.

خوێندنه‌وه‌یێکی زۆر له‌باره‌ی خولی یه‌که‌می دانووستانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی سووریا کرا به‌ڵام تێکڕای شرۆڤه‌کان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ دیمه‌شق پڕۆژه‌ی کورده‌کان بۆ جێگیر بوونی سیسته‌می فیدڕاڵی له‌و وڵاته‌ قبووڵ ناکات.

گۆڤاری ئۆراسیا ڕیۆیۆ له‌ شرۆڤه‌یێکدا دوو پاشهاتی گرینگ بۆ دانووستانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق ناو ده‌بات.

ئه‌و گۆڤاره‌ ده‌نووسێت: دانووستانی دیمه‌شق له‌گه‌ڵ کورده‌کان ده‌بێته‌هۆی لاواز بوونی پێگه‌ی تورکیا که‌ پشتیوانی سه‌ره‌کیی سه‌ربزێوانی دژبه‌ری به‌شار ئه‌سه‌د له‌ باکووره‌. ئه‌گه‌ر دانووستانه‌کان ئه‌نجامێکی لێبکه‌وێته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق لانی‌که‌م داواکارییێکی کورد له‌وان داواکاریی فه‌رهه‌نگی جێبه‌جێ بکات ئه‌و بابه‌ته‌ کورده‌کانی دانیشتووی تورکیاش هان ده‌دات و ده‌وڵه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان به‌ره‌وڕووی ده‌ردیسه‌رێکی نوێ ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ به‌ لێکه‌وته‌یێکی دیکه‌ی ئه‌و دانووستانه‌ ده‌کات و ده‌شنووسێت: دانووستانی کورد و ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق و ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتنی ئه‌وان ده‌بێته‌هۆی به‌رده‌وامیی حوکمڕانیی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر سووریا به‌ پشتیوانیی کوردی ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ ڕابردوودا کورده‌کان دژ به‌ حوکمڕانیی به‌شار ئه‌سه‌د بوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37245

Your Comment

You are replying to: .
captcha