بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەکشەممە 10-10-2021، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە هەموو هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و هەموو هاووڵاتیانی عێراق کرد بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن بە مەبەستی هەڵبژادنی نوێنەری شایستە و دڵخوازی خۆیان بۆ ئەوەی نەخش و کاریگەریان لە دروست کردنی حکوومەتی ئایندەی عێراق و پێکهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دروست کردنی ئاییندە هەبێت".
رێواز فایەق گوتیشی: "لە هەموو شتێک گرنگتر کە باسی بکەین جارێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەرنەچووە، بەڵام بەپێی راپرسییەکان گۆڕانکاری زۆر گەورە لە نەخشەی سیاسی عێراق روونادات، بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکانی دەنگدانی تایبەت گۆڕانکارییەکان گۆڕانکاری گەورە نابن لە نەخشەی سیاسیدا بە گشتی".
رێواز فایەق گوتیشی: "بۆ کورد و کوردستانیان گرنگە بە یەکڕیزی بچنە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی دەستوور کە لە بەرژەوەندی کوردستانیانە، چونکە دواجار خاڵی هاوبەشی هەموو لایەک ئەوەیە کە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لە سەرووی بەرژەوەندی هەموو حیزبە سیاسییەکانەوەیە".
سەرچاوە: رووداو
Your Comment