بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردنی هاریکاریی ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیەکانی نێوان دوو وڵات و رێگاکانی بەهێزکردنی لە چەندین بواردا و خستەنەڕووی چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەست بە پەیوەندییەکانیان کردووە.
ئاماژەی بەوەش داوە، باس لە رێگاکانی بەهێزکردنی هاریکارییە ئابوورییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە کراوە. هاوکات، داواکرا کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق دەست بە وەبەرهێنان بکەن لە کەرتە جیاوازەکاندا.
لەلایەن خۆیەوە حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لە تورکیا رایگەیاندووە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا دۆسییەکانی ئەمنی و تیرۆر و دزەکردنی تیرۆرستان لە سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی پەیوەست بە تیرۆری لەگەڵ تورکیا تاوتوێ کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، چالاکتر کردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ئابورییەکان کە لە ئێستادا بگاتە ١٥ ملیار دۆلار گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە. هاوکات دۆسییەی هاریکاری لە بواری ئاو و سنوورەکان و ناردن و هاوردە کردنی نەوت گتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە سەردانەکەدا باس لە بەهێزکردنی لیژنەکان و بەتایبەتی لیژنەی باڵای هاریکاری ستراتیژی و لیژنەی ئابووری هاوبەش بەسەرۆکایەتی وەزیری نەوت و وزەی هەردوو وڵات تاوتوێ کران.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment