بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئێران رایگەیاند، ئەو کۆنگرەیەی هەینیی رابردوو لە شاری هەولێر بەسترا و تیایدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا "نەدەبوو لەم کات و ساتەدا و لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، چونکە ئەو کۆنگرەیە ڕەنگدانەوەی خراپی هەبوو هەروەها ئێرانییەکانیشی نیگەران کردووە، ئێمەش لای خۆمانەوە ڕوونکردنەوەی پێویستمان داوە."
ناوبراو وتیشی لەسەر ئەو کۆنگرەیە ئێمە لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشت نەکراوین چوونکە ئەوە کەناڵ و ڕێگای دیکەی هەیە کە دەکرێت لە ڕێگەی کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکرێت."
باسی لەوەش کردوە، "بەستنی ئەو کۆنگرەیە لەم کات و ساتەدا و لە شاری هەولێر ڕەنگدانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئێرانییەکانیشی نیگەران کردووە، بۆیە وروژاندنی ئەم بابەتە لەم کاتەدا و لە شاری هەولێر دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت و هەروەک بینیشمان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمەوە ئیدانەی ئەم جۆرە کارە کرا بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردتری تیادا بکرێت."
لەبارەی کاردانەوەی کۆنگرەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێم ئەوەی خستوەتەڕوو، لەلایەن کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانەوە پرسیاری زۆریان لەسەر ئەم بابەتە لێکراوە، ئەوانیش ڕوونکردنەوەی پێویستیان داوە و هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی هەرێمیان بۆ ڕوونکردوونەتەوە و بەستنی ئەو کۆنگرەیەیان بە هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی هەرێم نەزانیوە.
Your Comment