بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: "بەدیاریکراوی لەسەر وتاری دوێنێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەمەوێت قسە بکەم، باوەڕم وایە هەر کەسێک ئەگەر پۆستێکی هەبێت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئاساییە بەشداربێت لە بانگەشەی ئەو حزبەی کردویەتی بەخاوەنی ئەو پۆستە، بەڵام راستییەکیش هەیە ئەویش ئەوەیە سەرۆکی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بەرەچاو کردنی پێگەکەیان کە تەنها هی حزبەکەی خۆیان و حزبەکانی دیکەش نین کە هەڵبژاردنیان بردوەتەوە، بەڵکوو دامەزراوەی هەموو ئەو هاوڵاتیانن بەوانەشەوە کە دەنگیان نەداوە، بۆخۆم بڕیارمدابوو خۆم بپارێزم لەوەی لەبانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی کوردستاندا قسە بکەم و وتار بدەم".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم قۆناغەدا ئێمە دەبێت بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێگەکانماندا بکەین، بەڵام کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا بۆ رێکخستنەکانی حزبەکەی دەڵێ تەنها حزبێک کەلەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە حسابی بۆ دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە خۆشیی باوەڕی بەو قسەیە نیە دڵنیام و دەیناسم، بەڵام ئەوە بووەتە بەشێک لەو فەرهەنگی سڕینەوەیەی پارتی مومارەسەی دەکات لەسەر هەموو ئاستەکان و بەبچوکتر بینینی هاوبەشەکانیی و حزبەکانی دیکەیە لەهەرێمی کوردستان، پێشبینیم وابوو بەدیاریکراوی بەڕێز سەرۆکی هەرێم خۆی ببوێرێت لەو جۆرە وتارانە، بەڵام کاتێک بەو شێوەیە قسەدەکات واجبێکی یەکێتییانەی منە وەک سەرۆکی یەکێک لەدامەزراوەکان وەڵامی بدەمەوە".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "دەمەوێت پێی بڵێم بەگوێرەی عورفی سیاسی سەرۆکی هەرێم دەبێت کۆکەرەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان و پارێزەری یەکڕیزی گەلی کوردستان بێت، بەڵام دوێنێ بەو قسەیە سەرۆکی هەرێم هەمو ئەو بنەمایانەی تێکشکاند و وێرانی کردن کە لەلای خەڵکی کوردستان گەڵاڵە ببون بەوەی ئێمە دەتوانین بەیەکڕیزی بچینە بەغدا، نازانم لەم کاتەدا بۆچونی حزبە سیاسییەکان چیە بەڵام دەمەوێت ئەوە بەبیر رایگشتی کوردستان و سەرۆکی هەرێم بهێنمەوە کە یەکێتی حزبێکی قبوڵکراوی متمانەپێکراوە لەسەر ئاستی عێراق بەبەڵگەی نزیک کە پرسی دانوستان بو لەگەڵ هێزە عێراقییەکان، پەرلەمان و حکومەتی فیدڕاڵ کە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی شاندی هەرێمی کرد و سێ وەزیری یەکێتی و گۆڕانیشی تێدابو، ئەگەر قبوڵکراو و حساب بۆ کراو نەبونایە، خەڵکی کوردستان ئێستا ئەو 200 ملیارەی بۆ نەدەهات کە حکومەتی هەرێم موچەی پێدەدات".
رێواز فایەق ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت ئەوە بەبیر سەرۆکی هەرێم و ئەو لایەنانە بهێننەوە کە کلتوری سڕینەوەیان کردووە بەبەشێک لە کلتوری کارکردنیان "ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی لە شەڕی داعش نەبونایە، ئەم هەولێری قەڵا و منارەیە لەبەردەم مەترسیدا بوو و بەخوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمان توانیمان سنوورەکان لە جەلەولا و خانەقینەوە تا شنگال و رەبیعە بپارێزین، لەم مەکتەبی سیاسییەوە هێزەکانیان چالاکییان دەستپێکرد بۆ پاراستنی هەولێری پایتەخت، حساب لەسەر چیە لەسەر چ بنەمایەک، حساب لەسەر ئەو زۆرینە موزەیفەیە و ئەو زۆرینە ساختەکراوەیە کە هەیە، دوا قسەشم ئەوەیە هەر هێزێک حساب بۆ یەکێتی ناکات و نایخوێنێتەوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش حسابی بۆ ناکات و نایخوێنێتەوە".
شایانی باسە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەی لە شاری هەولێر بەشداریی کرد و باسی لەوەکرد، "ئەمڕۆ ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی بکەین لە کوردستان، تەنیا حیزبێک کە دەتوانێت؛ تەنیا حیزبێکیش کە حیسابی بۆ دەکرێت پارتییە. ئەمەش بەرپرسیاریێتییە و نابێت لە بەرامبەریدا غرور بمانگرێت، ئەمە ئەرکێکی زیاتر دەخاتە سەر شانمان و دەبێت بە واقیعبینیی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی دیکە و حیزبەکانی دیکەش بکەین. ئەمە سیاسەتێکی نوێ دەخوازێت، چونکە قۆناغەکە گۆڕاوە، ئەم قۆناخەی ئێستامان قۆناغی دەسەڵاتی پارتییە. ئەو قۆناغەی لەپێش ئێمەیە ئەوەیە پارتی دەبێت بۆ هەمو لایێکی بسەلمێنێت بە هێزێکی زۆرەوە بەرەو ئاییندە دەڕوات".
Your Comment