بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نزیکەی 170 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات تەرخان کردووە، هاوکارییەکانیش پەرەدان بە توانا سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە و دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵک دەگرێتەوە، کە بەگوتەی پێنتاگۆن دەبنە هۆی سەقامگیری درێژخایەنی ناوچەکە.
بڕە پارەی تەرخانکراو بەشێكە لە بودجەی وەزارەتیی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2022 کە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆنگرێس پەسند بکرێت.
شایانی باسە شاندێكی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنەکە لە واشنتن دی سی، پایتەختی ئەمریکایە و لە کۆبوونەوەی ئەندامانی مەسەدە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا، شاندی مەسەدە پێویستی بەردەوام بوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیان خستووەتەڕوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و شانە نووستووەکانی، هەروەها ئاڵنگارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە لە کەمپی هۆلی تایبەت بە خێزان و منداڵانی چەکدارانی داعش هەیە.
Your Comment