سەرەڕای بایکۆت کردنی هه‌ڵبژاردنی عێراق لەلایەن بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییەوە ئەو حزبە پشتگیریی خۆی بۆ کاندیدەکەی لە پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هه‌رچه‌نده‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بایکۆت کردنی هه‌ڵبژاردنی عێراقی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که‌ به‌ کاندیدێکه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌کات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای ئەوەی پێشتر عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز ڕابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان، له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانییدا، بایکۆت كردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ڕاگه‌یاند و پاساوی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بۆ ئه‌و بایکۆته‌، هه‌بوونی گزی و ته‌زویرات بوو، به‌ڵام ئێستا که‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن نزیک بووه‌ته‌وه‌، ده‌رکه‌وت ئه‌و حیزبه‌ به‌ کاندیدێک له‌ پارێزگای که‌رکووک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌شداره‌ و ده‌یه‌وێت ده‌نگی ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ له‌ بازنه‌کانی تری کوردستان، به‌ ده‌نگی پارێزگای که‌رکووک بگۆڕێته‌وه‌ و ده‌رچوونی ئه‌و كاندیده‌ مسۆگه‌ر بكات.

ئاری عه‌بدولله‌تیف په‌رله‌مانتاری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، له‌ پۆستێکدا که‌ له‌ ئه‌کاونتی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، به‌شداری کردنی حیزبه‌که‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن ئاشکرا ده‌کات، باس له‌وه‌یش ده‌کات، هه‌ر لایه‌نێک هاوکار و ده‌سباری ئه‌و کاندیده‌ بکات بۆ ده‌رچوونی، ئه‌وا بزووتنه‌وه‌ له‌ بازنه‌کانی تری کوردستان، به‌ گوێره‌ی ڕێکه‌وتنێک ده‌نگ به‌ کاندیدانی ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌رچی ئاری عه‌بدولله‌تیف ڕایگه‌یاند، حه‌سه‌ن شێخانی ته‌نیا که‌سایه‌تییێکی بزووتنه‌وه‌یه‌، که‌ وه‌ک مامۆستایێکی زانکۆ و چالاکوانێک له‌ بازنه‌ی دووی شاری که‌رکووک خۆی کاندید کردووه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌کانی نوچه‌نێت، حه‌سه‌ن شێخانی ئه‌ندامی شورا و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکووکی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌، پێشتریش ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی بڵاوکرده‌وه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌.

حه‌سه‌ن شێخانی هه‌ڕه‌شه‌ لێكردنییه‌وه‌، به‌ میدیاکانی ڕایگه‌یاندبوو، له‌ پێناو کشانه‌وه‌ له‌ خۆکاندیدکردن و ڕه‌خنه‌ نه‌گرتن له‌ ئیداره‌ی شاره‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گوتوویه‌تی: ئه‌و سوره‌ له‌سه‌ر خۆکاندیدکردن و ناکشێته‌وه‌.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، که‌مال زراری ئه‌ندامی شورای بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌ نوچه‌نێتی ڕاگه‌یاند، تا ئێستا حیزبه‌که‌ی له‌سه‌ر بڕیاری بایکۆت كردنی هه‌ڵبژاردن سووره‌ و ده‌نگ به‌ کاندیدی هیچ لایه‌نێک ناده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش جگه‌ له‌ بایکۆت، هیچ بڕیارێکی نوێ له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌وه‌ نه‌دراوه‌.

News Code 3432

Your Comment

You are replying to: .
captcha