پەکەکە: پارتی ڕەوایەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە درێژەی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکە، کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕەتی کردەوە کە دەستی لە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان بووبێت و دەشڵێت پارتی بە ڕەفتارەکانی خۆی ڕەوایەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەدات.

کوردپرێس:

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە رایگەیاند، پارتی بۆ ئەوەی رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلەکەمان، لەناو ڕای گشتیی کورد و لە دەروە دەستی بە پروپاگەندە کردووە و ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەدات.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە راشیگه‌یاندووه‌، زانیاریی ناڕاست و هەڵە دەدرێت بە کۆنسولخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەم شێوەیە لایەنەکان لە دژی پەکەکە هان دەدرێن.

لە راگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

“راگەیاندنەکانی پەدەکە و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم رۆژانەی دواییدا دەستیان بە پروپاگەندەیێکی دژ و هەڵخەڵەتاندن کردووە لە بەرامبەر بزووتنەوەکەمان، بەوەش نەوەستاون و زانیاریی هەڵە و ناڕاست دەدەن بە کۆنسولخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن لە دژی بزووتنەوەکەمان هانیان بدەن. چەند نوێنەرایەتییێکی بیانییش لەسەر بنەمای زانیارییە ناڕاست و پێچەوانەکانی پەدەکە هەڵخەڵەتاون و لە دژی بزووتنەوەکەمان لێدوانیان بڵاو کردەوە. دەبێت نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی ئەوە بزانن کە لێدوانەکانیان کە لەسەر بنەمای زانیاریە ناڕاستەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک بڵاو دەکەنەوە، زیان بە یەکێتی و یەکڕیزیی کورد و ئارامیی ناوچەکە دەگەیەنێت.

“پەدەکە هەوڵ دەدات رەوایەتی بدات بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە”

بۆیە پەدەکە هەم لە ناو رای گشتی کورد و هەم لە دەرەوە هەوڵ دەدات رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بزووتنەوە و گەلەکەمان، بەم مەبەستەش پرۆپاگەندە بۆ ڕەش کردنمان دەکات و هەوڵ دەدات رەوایەتی بە دەسەڵاتی فاشیست و قڕکەری ئاکەپە-مەهەپە بدات و بزووتنەوەکەمان بە ئامانج دەگرێت. بیانوو دێنێتەوە، رووداوەکان پێچەوانە دەکات و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات زانیاریی ناراست بڵاو بکاتەوە. هێرشەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری ناوچەی ئامێدی کە کرایە سەر هێزەکانی گەریلا، بەشێکی ئەو کارانەیەتی. هەم بەو هێرشە، هەم بە پرۆپاگەندەی دوای هێرشەکەش، ویستیان رێگە بۆ هێرشێکی بەرفراوان خۆش بکەن.

“هێزەکانی دەرەوەن کە دەیانەوێت بارودۆخی باشوور بشێوێنن”

پەدەکە پرۆپاگەندەی هەڵخەڵەتاندن و پێچەوانەکردنی راستیەکانی بەرفراوان کردووە و پرۆپاگەندەی ئەوەش دەکات کە توندوتیژییەکانی ناو خۆپێشاندانەکانی هەرێمی کوردستانیش گوایا بزووتنەوەکەمانی لە پشتە. بزووتنەوەکەمان هەر زوو هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا کربوو. جارێکی تریش بە پێویستمان زانی کە لەم بارەیەوە هەڵوێستمان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەین؛ “ئەو پرۆپاگەندانەی گوایا، ‘گەلی باشوری کوردستان هیچ داواکاری و کێشەیێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیمۆکراسیی نیە، بەڵکوو هێزەکانی دەرەوەن کە دەیانەوێت بارودۆخی باشور بشێوێنن‌ بە زانابوون دەکرێت. ئەوەی بووەتە هۆکاری ئەنجامدانی چالاکی و ناڕەزایەتی گەل، ئەوا سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتی باشوورن.”

” پەدەکە و دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدەن پروپاگەندەکانیان بکەنە بیانووی هێرشکردنە سەر بزووتنەوەی ئازادی”

جارێکی تریش ئاشکرا دەبێت کە پرۆپاگەندەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دوورن لە راستیەوە و بە زانابوون دەکرێن و هەوڵ دەدەن بیکەن بە بیانووی هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی ئازادی، ئەم هێرشانەی دژی گەل و تێکۆشانی ئازادی لە باکور، رۆژئاوا، شەنگال، مەخمور، باشور و رۆژهەڵات رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبن. ئەم جۆرە پرۆپاگەندانە، رەوایەتی دەدەن بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنی گەلی کورد و دواڕۆژی ئازادی گەلەکەشمان دەخاتە مەترسیەوە.

“پەدەکە ریگە نادات کۆمەڵگای ئێزدی بگەڕێتەوە بۆ شەنگال”

پەدەکە هاوکات شەڕێکی قوڕسی دەروونی و تایبەت بەڕێوە دەبات و دەڵێت، “پەکەکە حکومەتی باشوری پێ قبوڵ نیە، ناهێڵێت خەڵک بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆی، رێگرە لە بەردەم گەڕانەوە خەڵکی ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان، لە باشور گێرەشێوێنی دروست دەکات”. ئامانجی ئەم هەموو پرۆپاگەندانە ئەوەیە کە گەل هەڵخەڵەتێنێت و رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دژی پەکەکە. لە راستیدا پێشووتریش ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە گوایا، پەکەکە پێگەی باشور دەخاتە مەترسیەوە، بەم پرۆپاگەندەیەش هەوڵ دەدات بیانوو بۆ هێرشەکانی بهێنێتەوە. ئێستاش ئەو توندوتیژیانەی لە چوارچێوەی چالاکی و خۆپێشاندانەکانی گەڵدا دێنە ئاراوە، دەخاتە ئەستۆی بزوتنەوەی ئازادی و هەوڵ دەدات ئەم ئیدیعایانەی بسەلمێنێت، بەهێزی بکات و رەوایەتی بە هێرشەکانی خۆی بدات.

“داواکارییەکانی گەل ڕاست و ڕەوان”

داواکارییەکانی گەل راست و ڕەوان، بەڵام ڕووداوە توندوتیژییەکان زیان بە چالاکییە راست و رەواکانی گەل دەگەیێنێت و دەیانەوێت ئەمە بکەن بە بنەمای هێرش و گێرەشێوێنی هێزەکانی دوژمن. بۆیە توندوتیژیەکان کە زیان بە چالاکی و داواکاریە دیمۆکراسیەکان دەدەت، ناڕاستن.لە لایەکی ترەوە وڵامدانەوەی داوا رەواکانی گەل بە توندوتیژی، کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. بۆیە پێویستە کێشەکان بە دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ جەماوەر و هەڵوێستێکی دیمۆکراسیانە چارەسەر بکرێن.

“لە ناو هیچ هەوڵدانێکی نانەوەی توندوتیژی لە باشوری کوردستاندا نین”

ئێمە وەکو بزوتنەوەی ئازادی، لە ناو هیچ هەوڵدانێکی نانەوەی توندوتیژی لە باشوری کوردستاندا نین و لایەنگری ئەوەش نین و هەوڵدانێکی لەم چەشنەش قبوڵ ناکەین، ئەم جۆرە ئیدیعایانەش پرۆپاگەندەی ناڕاستن، ئەوانەی ئەم جۆرە لێدوانانە بڵاو دەکەنەوە، هەوڵ دەدەن کێشەکان پەردەپۆش بکەن و لە بەرپرسیارێتی رابکەن. بانگەوازیمان بۆ گەلەکەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە لە دژی ئەم جۆرە لێدوان و پرۆپاگەندە قێزەوەنانە هەڵوێستیان بخەنەڕوو و پوچەڵی بکەنەوە.”

News Code 328

Your Comment

You are replying to: .
captcha