«فەتحوڵڵا حسێنی» ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و کاریگەریی ئەو سەردانە لەسەر پرسەکانی کوردی سووریا و ڕایگەیاند: فەرەنسا ڕۆڵێکی تایبەت دەگێڕێت لە هاوکاری کردنی کوردی سووریا، هەروەها نوێنەرێکی هەمیشەیی فەرەنسا لە کوردستانی سووریایە کە هەم لەبواری دیپلۆماسی و سیاسی و هەم لەبواری ئابوورییەوە هاوکاری دەکات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
ناوبراو درێژەی دا: دانوستانی کوردی-کوردی لەنێوان کوردەکانی سووریا پلانێک بوو لەلایەن فەرەنساوە داڕێژرا و ئەمریکا سەرپەرشتیی دەکات؛ فەرەنسا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە یەکگرتنی کوردەکاندا.
ئەندامەکەی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادی کرد: سەردانی ماکرۆن لەم قۆناغەدا زۆر گرینگە بۆ کورد ئەوەش لە دۆخێکدا کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) کە بەشێکە لە دانوستانی کوردی-کوردی وەکوو لقێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە هەولێرە.
فەتحوڵڵا حسێنی دەڵێت ئەو لایەنە کە ناهێڵێت دانوستانی کوردی-کوردی بەئەنجام بگات پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆیە ماکرۆن دەتوانێت لە دیدار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسعوود بارزانیدا گوشاریان بخاتە سەر بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆسەکە.
ئەندامەکەی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان وەبیری هێنایەوە: لە ساڵی 2015دا لە کۆشکی ئێلیزە فڕانسوا ئۆڵاند پێشوازی لە نوێنەرانی کوردستانی سووریا کراو و یەک مانگ پێش ئێستاش لەسەر بانگێشتی ئیمانوێل ماکرۆن شاندێک لە نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر سەردانی فەرەنسایان کرد و مەکرۆن بەڵێنی دا پشتگیری لە کوردەکانی سووریا بکات.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتیشی: فەرەنسا ڕۆڵێکی گرینگ لە پرسی کورددا دەگێڕێت بەتایبەت لە دانوستانی لایەنەکوردییەکاندا و هەروەها دەیهەوێت کوردەکان دەوری سەرەکی لە گۆڕانکارییەکانی سووریادا ببینن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment