ئەمریکا جێی متمانە نیە/ کورد بە یەکگرتن خۆیان بۆ پێشهاتە سیاسییەکان ئامادە بکەن

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (P.Y.K.S) بە کوردپرێسی گوت: ئەمریکا جێی متمانە نیە بۆیە پێویستە کورد بە یەکگرتن خۆیان بۆ پێشهاتە سیاسییەکان ئامادە بکەن.

کوردپرێس:

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (P.Y.K.S) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و وانەی ئەو ئەزموونە بۆ کوردی سووریا و یەکگرتنیان دەکات و دەڵێت: کشانەوەی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا و خۆرهەڵاتی فورات دەتوانێت دووپات کرانەوەی هەمان سناریۆی ئەفغانستان بێت و خەساری فراوانی لێبکەوێتەوە بۆیە هیچ متمانەیێک بە هێزی بیانی ناکرێت.

ناوبراو گوتیشی: ئاشکرایە کە زلهێزەکان بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان ڕەفتار دەکەن و پرسی کشانەوەش هەر ڕوو دەدات و ئەگەر کورد نەتوانێت ڕێگاچارێک بۆ کێشەکانی خۆی بدۆزێتەوە تووشی زیان دەبێت. ئەمریکا بۆ هەمیشە لە ناوچەکە نامێنێتەوە و ڕۆژێک هەر ئەو ناوچەیە بەجێ دەهێڵێت هەر وەک پاش 20 ساڵ ئەفغانستانی چۆڵ کرد و تاڵەبان دوبارە هاتەوە دەسەڵات و خەڵکی ئەفغانستانیش تووشی ئەو وەزعەی ئێستا بوون.

هەڤاڵ عیسا ئاشکراشی کرد: هەر بەو بۆنەیەوە پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین کە دوور نیە پێشهاتێکی لەو شێوەیەش لە کوردستانی سووریا و خۆرهەڵاتی فورات ڕوو بدات. بۆیە پێویستە ئێمەی کوردی سووریا یەک بگرین و تەنها پشت بە خۆمان و گەلەکەمان ببەستین.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (P.Y.K.S) دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە کورد لە نێو ماڵی خۆی یەک بگرێت و خۆی بۆ پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتوو ئامادە بکات. کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەتوانێت بکرێتە ئەزموونێک بۆ ڕووکردنی ئێمە لە یەکگرتنی نێوخۆیی و دۆزینەوەی ڕێگاچارێک بۆ داهاتوومان.

News Code 3191

Your Comment

You are replying to: .
captcha