لاهوور شێخ جەنگی: هیچ ڕێککەوتنێکم نەکردووە بۆ بەجێ هێشتنی کوردستان

نووسینگەی رۆژنامەڤانیی لاهوور شێخ جەنگی رەتی دەکاتەوە کە رێککەوتن لە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی کرابێت، بۆ ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی، کوردستان جێبهێڵێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەممە، 25-8-2021 لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیێکی بڵاوکردەوە. لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 25-8-2021 چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بانگهێشتکراون بۆ دەباشان و پێیانڕاگەیاندوون کە گوایە رێککەوتنێک کراوە لە نێوان بەڕێزان هاوسەرۆکانی یەکێتیی، بۆ ئەوەی بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی بۆ ماوەیەکی کاتی بچێتە دەرەوەی وڵات".

لاهوور شێخ جەنگی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت ئەو ئاگاداری ئەو خاڵانە نییە کە خراونەتە بەردەم ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە بانگهێشتی دەباشان کرابوون.

وەک لە روونکردەوەکەدا هاتووە: "لێرەوە بەڕێز هاوسەرۆک لاهوور شێخ جەنگی هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی بەگشتی، بە تایبەت ئەوانەی بە بیانووی جیاواز بانگکرابوون ئاگادار دەکاتەوە، کە بەڕێزیان دوور و نزیک ئاگاداری سەرلەبەری ئەو خاڵانە نییە کە خراوەتە بەردەمیان و دوورن لە ڕاستییەوە، بە هیچ شێوەیەک رێککەوتنی لەم جۆرە نەکراوە و ناشکرێت".

لاهوور شێخ جەنگی داوا دەکات بۆ هەر بابەتێک کە بیانەوێت باسی لێوە بکەن، دەبێت لە ڕێگەی کۆبوونەوەی رەسمیی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە بێت، کە بەرزترین ئۆرگانی حیزبییە.

رۆژی 8ی تەممووز ناکۆکیی نێوان هاوسەرۆکانی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان گەیشتنە لوتکە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی بڕیاری گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای دژەتیرۆر و زانیاریی دا. دواتر لە رۆژی 15ی تەممووز لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی وەرگیرانەوە.

تاوەکوو ئێستا چەندین هەوڵی نێوبژیوانی لە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی دراون، بەڵام ئەنجامی نەبووە. لاهوور شێخ جەنگی بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە هەوڵی ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی داوە و سیخوڕی بەسەر ماڵی مام جەلالدا کردووە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.

کاژێر 9:30ی شەوی دووشەممە، 23ی ئابی 2021، شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبوون لە فەرید ئەسەسەرد سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، شاڵاو عەلی عەسکەری، رزگار عەلی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردن و گرتنەبەری رێککارە یاساییەکانی گواستنەوەی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کوردستانی یەکێتی و گۆڕان لە لاهوور شێخ جەنگییەوە بۆ قوباد تاڵەبانی و باسکردنی پێشهاتە نوێیەکانی دۆخی نێوخۆی ئەو حیزبە سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان کرد لە ماڵی خۆی لە گردی سەرچناری شاری سلێمانی.

رۆژی پێنجشەممە 29ی تەمموزی 2021، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا، دوای رووداوەکانی نێوخۆی یەکێتی لە 19ی تەمموزی 2021 لاهوور شیخ جەنگی لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا دەستبەرداربوونی خۆی لە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کوردستان راگەیاند.

News Code 3188

Your Comment

You are replying to: .
captcha