بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە NRTی راگەیاندووە هەموو ئامادەکارییێکیان کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و هیچ گۆڕانکارییێک بەسەر کاتی ئەنجامدانیدا نایەت.
ناوبراو وتیشی: هەڵبژادنی گشتی لە ١٠ تشیرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و هەڵبژاردنی تایبەتیش لە هەشت و نۆی ئەو مانگەدا بەڕێوەدەچێت.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە ١٠٠ چاودێر لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان دێنە عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانیش زیاتر لە ٢٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەکە دابین کردووە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی بنکەکان پارێزراو دەبێت و هێزی ئەمنی فراوان بۆ پاراستنی بنکەکان دابین دەکرێت. هاوکات لە هەموو بنکەکاندا هێزی ئەمنی و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان ئامادە دەبن.
جومانە غەلای ڕاشیگەیاند پێدانی کارتی نوێ بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئێستا زیاتر ٨٥٪ی دەنگدەران کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment