بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئابی 2021 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە مارک برایسۆن ریچاردسۆن، باڵیۆزی بریتانیا و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی بەهێز کردنی پەیوەندییەکان و گرنگیی پتەو کردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوان عێراق و بریتانیا بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری ناوخۆیی و ئیقلیمی بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە کە عێراق ھەنگاو دەنێت رووەو پەیوەندی ھاوسەنگ لەسەر بنەمای کارکردنی هاوبەش لەگەڵ دۆستەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و کەم کردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و پاڵپشتی کردن لە هاوکاری و ھەماھەنگی لە بوارەکانی ئابووری و تەندروستی و پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەگژاچوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment