خوێندن بە شێوەزاری هەورامی دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە؟/ وەزارەتی پەروەردە یەکەم هەنگاوی بۆ ئەو بانگەوازە بڕی

بەشی فەرهەنگ- یەکەم هەنگاو بۆ بەدەنگەوە هاتنی بانگەوازەکەی وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان هەڵگیرا و وەزیری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی خستنەبواری جێبەجێکردنی داواکاریی خوێندن بە شێوەزاری (گۆران-هەورامی)  لەسنووری  ناوچە ھەورامی نشینەکاندا، رۆژی 3ی ئاب یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە.

کوردپرێس:

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک باسی ڕایگەیاند، "رۆژی 3ی ئاب یەکەم کۆبوونەوە سەبارەت بەشێوەزاری گۆران- ھەورامی بەڕێوە چوو و لەدیوانی وەزارەت پێشوازیمان لەحەسەن سەرتیپ جاف بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە، سۆران عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، سادق ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی کوردی لە پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە، نزار حەمەخان لەپەروەردەی ھەڵەبجە، خەسرەو حامد و ژمارەیەک شارەزای پەروەردەیی دیکە کرد".

وەزیری ڕۆشنبریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، کە یەکەم کۆبوونەوەیە لەبارەی خستنە بواری جێبەجێ کردنی داواکاریی خوێندن بە شێوەزاری هەورامی، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پیدانی بەرچاو رونی و زانیاری زیاتر لەسەر داواکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، سەبارەت بەخوێندن بە شێوەزاری گۆران— هەورامی لەسنوری ناوچە ھەورامی نشینەکاندا.

بۆ بایەخدان بە زمانی دایک، کە لەسەر رۆشنایی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ھەمو تاکێکی ئەم جیھانە سەلمێنراوە، پێشنیاری ئێمە وەک وەزارەتی رۆشنبیری سەبارەت بەپێویستی و بایەخدان بەشێوەزاری گۆران-ھەورامی لە بەرنامەی پەروەردە، بۆ خوێندن و خوێندکارانی ھەورامی ئەمەیە کە: وانەیەک ھەبێت بۆ زمان و ئەدەبیاتی ھەورامی بۆ قۆناغی سەرەتایی لە ناوچەی ھەوراماندا

وەزیری رۆشنبیری دەشڵێت، دواجار بڕیاردرا، پاش کۆبونەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، بەرنامە و پلانی گونجاو دابڕێژن لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی زمانی کوردییەوە، "ھەر دوێنێش ئەوکۆبونەوەیان گرێدا، من سوپاس و دەست خۆشیان لێدەکەم".

دوێنێش ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەنووسراوێک پشتیوانیی خۆی بۆ داوایێکی وەزارەتی رۆشنبیری لەبارەی دانانی شێوەزاری هەورامی لەپرۆگرامی خوێندن دەربڕی.

News Code 2969

Your Comment

You are replying to: .
captcha