لە کۆبوونەوەی یەکێتیدا جەخت کرایە سەر چارەسەری بەپەلەی گرفتە ناوخۆیییەکانی ئەو حیزبە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە، "لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەكێتیانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەكان و دیاریكردنی رێوشوێنی دروست بۆیان؛ لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و هێمنیی هەرێمی كوردستان 'بە شاری سلێمانیشەوە' کرا."

کوردپرێس:

ڕۆژی 4ی ئابی 2021، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حزبەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەکۆبوونەوەکەدا تەئكید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەكتەب و دەزگاكانی یەكێتیی كرایەوە بەرەو هەڵبژاردنەکان بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا."

لەراگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیشدا هاتووە، "مەكتەبی سیاسی گشت مەكتەب و مەڵبەندەكان و ئۆرگانەكانی یەكێتیی راسپارد كە هاوشانی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمان پەیوەستی میحوەر و بازنەكانی هەڵبژاردن بن."

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی یەکێتییە لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەمموزەوە و کۆبوونەوەکە بەبەشداری زۆرینەی مەکتەبی سیاسی بوو، تیایدا بەبێ بەشداری لاھور جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی و بەشێک لەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی دەبێت کەوا نزیکن لەلاھور جەنگی بەڕێوەچوو.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جگە لە کۆبوونەوەی ١٥ی تەمموزی رابردوو (کە بە بەشداری ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەچوو)، دەسەڵاتەکانی لە لاھور شێخ جەنگی وەرگرتەوە، ھیچ جوڵەیێکی ئەوتۆی بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان نەکردووە.

دوێنێ سێشەممە سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەنووسراوێکدا کە کۆپیەکی دەست ئێن ئاڕتی کەوتووە داوایکرد، "میدیای حزبەکەی لە ململانێ حزبییەکان دووربخرێتەوە و ھێزی چەکدار بەکارنەھێندرێت و بەزووترین کاتیش، ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەی کۆببێتەوە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە رۆژی ٨ی تەمموزی مانگی رابردووەوە، دۆخی نێوخۆی یەکێتی بەرەو قۆناغێکی نوێ رۆشت و تیایدا بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دەزگای دژەتیرۆر گۆڕدران و دواتریش لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند کە "بە ویستی خۆم دەسەڵاتە داراییەکانم بۆ هاوسەرۆکی دووەم جێدەهێڵم و لەسەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانیش دەکشێمەوە".

News Code 2968

Your Comment

You are replying to: .
captcha