لاهور شێخ جەنگی: دەیانەوێت بە زبیری هێز لە هەرێمی کوردستان دوورم بخەنەوە/ هەمبەر ئەم پلانگێڕیە گەورەیە دەوەستم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وادیارە بڕیاریان داوە بە زەبری هێزی حکوومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم لە کوردستان دورم بخەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، "دوای دانبەخۆداگرتنێکی زۆر لە پێناو ئاسایشی شاری سلێمانی خۆشەویست و هەرێمی کوردستان بە گشتی، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی دوای پیلانگێڕیی 8ـی تەموز کە بەندە هەوڵمدا لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێڕەوی حزبییەوە چارەسەر بکرێت، هەر لەو پێناوەشدا ئامادەییم نیشاندا بە شێوەیێکی کاتی دەسەڵاتە تەنفیزییەکانی خۆم ڕادەستی هەڤاڵی هاوسەرۆک بکەم بە مەرجێک لیژنەیێکی لێکۆڵینەوەی حزبی پێکبهێندرێت بۆ دەرخستنی ڕاستی و دروستیی ئەو تۆمەتانەی کە لێرە و لەوێ دەخرێنە پاڵ بەندە، بەڵام بە داخەوە وادیارە بە هۆی ڕێگریکردنەوە حزبەکەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێک بهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەکتەبی سیاسیی حزبەکەم بڕیارمدا کە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بکەم کە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە".

شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەندەش دەمتوانی نەک لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵکوو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر کاری قێزەوەن هەڵبگرم، لەسەر ئەو کەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە، بەڵام پەروەردەی من و ڕەوشتی من هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم کە کارێکی لەم جۆرە بکەم، لە ئێستاشدا کە هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی دژوارتری سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تێپەڕ دەبێت و میللەتەکەمان بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئەو حزبانەی کە لە دەسەڵاتن بە حزبەکەی خۆشمەوە کەوتونەتە ژێر بارێکی زۆر قورس، بەندە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد ئەرکی سەرشانی میللەتەکەم گرانتر بکەین، گەر بمزانیایە کێشەی میللەتەکەم و بنبڕکردنی گەندەڵی بە وازهێنانی لاهوری شێخ جەنگی و دورکەوتنەوەی لە وڵات کۆتایی پێدێت ئەوا دڵنیابن بەندە دەمێک بو ئەو کارەم ئەنجام دابوو".

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: "دەمەوێت گەلەکەم هۆشیار بکەمەوە، ئەو پیلانگێڕییەی کە لە ئارادایە زۆر مەترسیدارترە لەوەی کە باسی لێوە دەکرێت، ئێمە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو هەوڵی ئەوەمان دابوو کە یەکێتیی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ حزبێکی ترەوە، لە هەمان کاتدا هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی یەکێتییمان دەستنیشان کردبوو، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبووین بکەوینە ژێر کاریگەریی پیلانگێڕییە ئیقلیمییەکان و بە هەموو هێزی خۆمان هەوڵمان دابوو کە زۆنی سەوز بپارێزین و سەروەریی یاسا و ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و ئاسایش و ئۆقرەیی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی خۆمان دابین بکەین، لەو پێناوەشدا باجی زۆرماندا، ئەم پیلانگێڕییەش بەشێکە لەو باجەی کە دەبوایە بیدەین، بە ئامانجگرتنی بەندەش تەنها سەرەتای ئەو پیلانگێڕییەیە، ئەگینا چەندین کردەوەی مەترسیدارتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت".

لە پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگیدا هاتووە، "ئەندام و کادر و لایەنگران و کۆمەڵانی خەڵک ئاگادار بکەمەوە کە لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراووە کوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حکوومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم لە کوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە کە وەک کۆڵەکەیەک ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەکەی خۆم بە جێنەهێڵم، هەرچی لە دەستم بێت بە پشتیوانیی دڵسۆزان و ئێوەی کۆمەڵانی خەڵک ئەنجامی بدەم بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی کە هەرێمەکەمانی تێکەوتووە، چوونکە من بڕیارم دابوو کە خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بم".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2953

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha