وتەبێژی حكوومەتی عێراق: ڕەوانەكردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكوومەتی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر ناردنی سلفەی دووهەم بۆ هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی 200 ملیار دینارە و وتەبێژی حكوومەتی عێراقیش دەڵێت: ناردنی ئەو پارەیە بۆ مانگەكانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.

کوردپرێس:

حەسەن نازم، وتەبێژی حكوومەتی عێراق، بە ماڵپەڕی كوردستان 24ی راگەیاندووە: ئەم مانگە و مانگەكانی داهاتو، سلفەی هەرێمی كوردستان، كە 200 ملیار دینارە رەوانە دەكرێت و هیچ كێشەیەك لە ناردنیدا نابێت.

پێشتریش بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو، حكوومەتی عێراق ڕەزامەندیی لە سەر ناردنی سلفەیێكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕیوە كە بڕەكەی 200 ملیار دینارە.

بەگوێرەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لە بارەی بودجەوە پێویستە لە سەرەتای ئەمساڵەوە حكومەتی عێراق، بۆ هەر مانگێك 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات، وەك سلفە، تا ئەو كاتەی وردبینی لە داهات و پشكی هەرێم دەكرێت.

شایانی باسە پێشتر مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندبوو، ئەگەر حكوومەتی بەغدا پابەندی رێككەوتن و بەڵێنەكانی بێت و مانگانە وەك سلفە 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بكات، مووچە لە كاتی خۆیدا و بە بێ لێبڕین دابەش دەكرێت.

News Code 2949

Your Comment

You are replying to: .
captcha