ئامانجەکانی سه‌ردانه‌که‌ی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکا لە زبانی راوێژکارەکەیەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکارێکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی سه‌ردانه‌که‌ی مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی بۆ واشنتن ئاشکرا دەکات و دەڵێت باس لە خشته‌ی که‌م کردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئەمریکا لە عێراق و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حسێن عه‌لاوی راوێژکاری مسته‌فا کازمی رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌که‌ی کازمی وه‌ک به‌شێک له‌ چوارچێوه‌ی دیالۆگی ستراتیژی عێراقی-ئه‌مریکی ده‌بێت، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی خشته‌ی که‌م کردنه‌وه‌ی هێزه‌ راوێژکاریه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ خاکی عێراق ده‌کرێت، هه‌روه‌ها خشته‌یێکیش دیاری ده‌کرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌غدا و وانشتن بۆ سه‌رده‌می پێش داگیرکردنی مووسڵ له‌ ساڵی 2014 دا.

ناوبراو وتیشی، "کازمی کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و ئه‌مریکا له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ربازیه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ چوارچێوه‌ی گشتگیر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌هه‌ندی سیاسی – ئابووری".

ڕاوێژکارەکەی کازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، یه‌کێکی دیکه‌ له‌ ئامانجه‌کانی سه‌ردانه‌که‌، پته‌و کردنی ئابووری عێراقه‌ ئه‌وه‌ش به‌کارکردن له‌گه‌ڵ گرووپی په‌یوه‌ندی و سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌ سپیه‌ی که‌ حکوومەت خستویه‌تیه ‌ڕوو چاکسازی له ‌ئابووری عێراقدا، جگه‌ له‌کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌کانی وه‌ک سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانکی جیهانی و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و بازرگانان و کۆمپانیا ئه‌مریکییه‌کان .

حسێن عه‌لاوی ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد، "سه‌ردانه‌که‌ کاری به‌رده‌م حکوومەت ڕوون ده‌کاته‌وه‌ له‌ دابین کردنی که‌شوهه‌وایێکی هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی یاسادانان له‌ ڕێگه‌ی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌.

بڕیاره‌ کۆتایی ئه‌م مانگه‌، مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق به‌سه‌ردانێکی فه‌رمی بگاته‌ واشنتن، زنجیره‌یێک دیدار له‌گه‌ڵ جۆ بایدن سه‌رۆکی ئه‌مریکا و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام بدات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2767

Your Comment

You are replying to: .
captcha