کوردپرێس:
بەپێی راگەیەندراوێكی حكوومەتی هەرێم، ڕۆژی ھەینی 16 تەموزی 2021، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ لێپرسراوانی بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبوەوە و رایگەیاند: ئەرکی سەرەکیی فەرمانگە حکومییەکان خزمەتکردنەو کاری جدی دەکەین بۆ گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
جێگری سەرۆکی حکوومەت وتیشی: پڕۆسەیەکی گۆڕانکارییان دەستپێکردوەو کرۆکی گۆڕانکارییەکان لە سەر بنەمای تواناو دڵسۆزی و خزمەتکردن دەبێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: ئامانج لە گۆڕانکارییەکان بۆ باشتر بەڕێوەچونی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەسانەی کاری باش دەکەن و خزمەتی ھاوڵاتیان دەکەن پاڵپشتی تەواو دەکرێن، بەڵام لەبەرامبەردا قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لەگەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربھێنن و دڵسۆز نەبن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی کە پێیان سپێردراوە.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەھیچ جۆرێک رێگە بە ھێزە ئەمنییەکان نادرێت دەستێوەردان لە کاروباری بازاڕ و سیاسەت و بژێوی ژیانی خەڵکدا بکەن.
لە کۆتایی وتەکانشیدا جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: تەنیا ئامانج لەم بڕیارو گۆڕانکارییانە خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتە لە ئاستێکی باش و پێویستدا لە بەرامبەر خەڵک و رێگریکردن لەھەر ھەڵەو کەموکورتییەک کە زیان بە ژیان و کاسبی خەڵک بگەیەنێت.
Your Comment