ئەندامێکی یەکگرتوو: جەمسەربەندی و هەستیاریی سەرکردە ئیسلامییەکان هۆکاری گەشەنەکردنی لایەنە ئیسلامییەکانە

بەشی دیمانە/ عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەبووبەکر عەلی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردپرێسی داوەتەوە و چەند خاڵێک وەکوو هۆکاری پێشنەکەوتن و گەشەنەکردنی لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو و لە سەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی کوردستانیش بۆ کوردپرێس دواوە.

کوردپرێس:

ئەبووبەکر عەلی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دەکەن بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: دۆخی ئێستای هەرێم بۆ هەڵبژاردن لەبارە و پێویست ناکات هەڵبژاردن دوا بخرێت لە بەر ئەوەی خۆی تا ئێستاش دوا خراوە و تەنها ئەوەیە دەتوانن ماوەی پڕوپاگەندا کەم بکەنەوە و بە جۆرێک لێکگەیشتن لە نێوان حیزبەکادا دروست ببێت.

ئەبووبەکر عەلی جەختی کردەوە کە لە گەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە لەبەر ئەوەی دۆخەکەی لەبارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی سەبارەت بە بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەوەی لە هەواڵەکاندا دەوترێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەتایبەت قوباد تاڵەبانی و لاهوور تاڵەبانی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان کردووە بەڵام نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هیچ لایەنێک بە ڕەسمی داوای دواخستنی نەکردووە.

ناوبراو زیادی کرد: تەنانەت ڕەنگە ئەگەر بە فەرمییش داوای دواخستن لە حکوومەت بکرێت، حکوومەت نەچێتە ژێر ئەو لێپرسیارێتییەوە و مەوزووعەکە ببرێتە پەڕلەمان لە بەر ئەوەی پارتی ئێستا لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە.

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی بە دوور نەزانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دوا بخرێت و لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: تا ڕۆژی پێش هەڵبژاردنیش ئەگەری دواخستن لە ئارادایە لە بەر ئەوەی لە ڕووی یاسایییشەوە ڕێگە بە دواخستن دراوە بەڵام تا ئەم کاتە دۆخەکە ڕوون نییە و ناکرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین ئایا دوا دەکەوێت یان خود خەیر. واتا ئەگەرەکان 50 بە 50یە.

ئەبووبەکر عەلی لە بارەی کارتێکەریی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە سەر هاوسەنگیی دەسەڵات لە هەرێم ئاوا وەڵامی کوردپرێسی دایەوە: بە بڕوای من خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر تووڕە بوون و ڕەنگە کێشەی بەشداری نەکردنی خەڵک هەبێت. دووهەمیش ئەوەی ئەو میکانیسمانە تا چەند دەتوانێت ڕێگری بکات لەو ساختەکارییانەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ئەنجام درا. ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە کرا بێگومان ئەنجامی هەڵبژاردن وەکوو ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی عێراق نابێت.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی لە بارەی نەبوونی مەوقیفی هاوبەش لە نێوان سێ لایەنی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: یەک لە هۆکارەکانی یەکنەگرتنی لایەنە ئیسلامییەکان ڕەنگە هەستیاریی سەرکردەکانیان بێت و ئەو دابەش بوون و جەمسەربەندییەی لە قۆناغی ڕابردوودا لە کوردستان ڕووی دا کاریگەریی زۆری کردۆتە سەر گوتار و ئامانجی لە پێشینەی هێزەکان و هەروەهاش هەندێک هێزیش لە ناو یەکدا وا بیر دەکەنەوە کە ئەم یەکەمە و ئەو دووهەمە... لە کاتێکدا یاساکە ڕێگە بەوە دەدات لیستێکی هاوبەش هەبوایە بەڵام تۆ دەتوانیت تەنها دەنگ بە پاڵێوراوەکانی خۆت بدەیت و بەداخەوە نەیانتوانی لیستێکی هاوبەش دروست بکەن.

ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە بە سەرنجدان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولەکانی پێشووی هەرێمی کوردستان پێشبینیی چ ئەنجامێک بۆ لایەنە ئیسلامییەکان دەکرێت بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: دەبێت شێوازی کار کردنی لایەنە ئیسلامییەکان دەستکاری بکرێت لەبەر ئەوەی ئەگەر بەو شێوازەی ئێستایانەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەکان بێگومان ناتوانن بڕیاریان هەبێت و ئەگەر نەکێشنەوە تەنها لە جێگەی خۆیاندا دەبن و ناچنە پێشەوە.

News Code 27251

Your Comment

You are replying to: .
captcha