دلێر ماوه‌تی ڕه‌خنه‌ له‌ پراکتیکی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی کوردستان ڕه‌خنه‌ له‌ پراکتیکی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێت و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دامه‌زراوه‌یێک نه‌بوووه‌ بتوانێت دۆخی هێزی پێشمه‌رگه‌ و جۆری چه‌ک و ڕاهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ چاک بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دلێر ماوه‌تی گوتی: تا ئێستا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ دامه‌زراوه‌یێکی ته‌واو پرۆفیشناڵ که‌ بتوانێت کێشه‌کانی پێشمه‌رگه‌ چاره‌سه‌ر بکات.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: هێزی پێشمه‌رگه‌ ئێستا دۆخیان خراپه و به‌شی زۆریان کوڕی هه‌ژارن و هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ حکوومه‌تی هه‌رێم پشتگوێی خستوون، پێشمه‌رگه‌ ئه‌رکی له‌ هه‌مووان پیرۆزتر و گرانتره‌ به‌ڵام ژیانی له‌ دوای هه‌موویانه‌وه‌یه.

دلێر ماوه‌تی راشیگه‌یاند: کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی دیکه‌ هه‌ن که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی توڕه ‌کردوووه‌، یه‌کێک له‌و کێشانه‌ (ترقیه‌- پله‌به‌رزکردنه‌وه‌) که‌ جیاوازی تێدا ده‌کرێت هه‌روه‌ها له‌ کاتی خۆیدا نایه‌ته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ سێ ساڵ به‌ ته‌رقیه‌که‌یدا تێپه‌ڕیوه‌ به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.

ناوبراو ڕوونیش کرده‌وه‌: یه‌کێکی دیکه‌ له‌ کێشه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ندێ جار له‌ خانه‌نشین کردندا گۆڕانکاری ده‌کرێت و که‌سێکی دیکه‌ ده‌خرێته‌ شوێنی، یاخود جلوبه‌رگی هێزه‌کان یه‌ک نین و پێداویستییه‌کان دابین ناکرێت، هێزه‌کانی ٧٠ و ٨٠ تا ئێستا خۆیان چه‌ک ده‌کڕن که‌ ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری له‌سه‌ر کوالێتی چه‌که‌کان ده‌بێت له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕ.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27244

Your Comment

You are replying to: .
captcha