بۆچی بەشار ئەسەد نەڕووخا؟/ کریستۆفر فیلیپس

بەشی وتار- پاش 7 ساڵ شەڕ و پێکدادان زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتیی سووری کوژران و حەشیمەتێکی فراوان ئاوارە بوون و شارەکان بوونە وێرانە و ئێستا بەشار ئەسەد لە سەرکەوتن نزیک بۆتەوە.

کوردپرێس:

هێشتاکە شەڕ تەواو نەبووە. چەند ناوچەیێکی سووریا بە دەست کوردەوەیە. ئیدلب لە کۆنتڕۆڵی بەرهەڵستکاراندایە. باجی قورس بۆ ئەم شەڕە حەوت ساڵەیە دراوە و کاولی و بێوەزعی دروست بووە بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە. ویلایەتەکەی ئەسەد زۆر زیاتر لە سەرۆکایەتییەکەی ئۆباما و نیکۆلاس سارکۆزی و دەیڤید کامێرۆنی خایاند ئەوەش لە کاتێکدا ئەو سێ سەرکردەیەی وڵاتانی زلهێز بڕوایان وابوو ئەسەد "لە ماوەی یەک مانگدا" دەڕووخێت.

ئەسەد چۆن لەو بەڵایە دەرباز بوو؟ ژمارەیێک لە چاودێران بڕوایان وابوو ڕابوونی عەرەبی سەرهەڵدەدات و دەسەڵاتی ئەسەد دەڕووخێت. بەرهەڵستکارانی ئەسەد لە نێوخۆ و دەرەوەی سووریا زەختیان لە ئەسەد دەکرد و تا ئەو ڕادەیە گەیشت کە زۆر کەس قەناعەتی بەوە هێنابوو کە ئەسەد لە نێوخۆی سووریاوە دەڕووخێت. بەڵام بێوەی بوونی ئەسەد بە سودفە نەبوو بەڵکوو چەندین خاڵی نێوخۆیی و بیانی هۆکار بوون لە ماننەوەی ئەسەدا.

یەکەم هۆکار ئەوە بوو لە باری ناوخۆییەوە ڕێکخراوەکانی نێوخۆی سووریا شوێندانەر بوون بۆ ئەوەی ئەسەد بەرگەی ئەو زەختانە بگرێت. بەتایبەتی دەزگای ئەمنیی سووریا وەفای بۆ ئەسەد بوو و مەترسیی هیچ کوودەتایێک لە سەر ئەسەد نەبوو. ژمارەی بریندار و هەڵاتوووانی شەڕ لە هێزەکانی ئەسەددا لە 325 هەزار کەسەوە بۆ 125 هەزار کەس دابەزی و ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە بەرەی بەرهەڵستکار ئاماری هەڵاتن و وازهێنانیان زۆر بەرچاو بوو و بە زەحمەت ژمارەیان 50 هەزار کەسی تێدەپەڕاند.

دووهەم هۆکار ئەوە بوو ئەسەد توانیی پشتگیریی پێکهاتە سەرەکییەکانی سووریا بۆ خۆی ڕابکێشێت. مەسیحییەکان (سەدای 8ی حەشیمەتی سووریا)، دەرزییەکان (سەدا 3ی حەشیمەتی سووریا) و زۆرینەی سیکۆلارە سوننەکان (سەدا 65ی حەشیمەتی سووریا) پشتگیرییان لە حافز ئەسەدیش و بەشار ئەسەدیش کرد. هەردووک ئەسەد خۆیان بە پاڵپشتی سیستەمی سیکۆلاری پلۆڕالیست پیشان دەدا. پاش سەرهەڵدانی توندوتیژی لە ساڵی 2001، دەستبەجێ بەشار ئەسەد بەرهەڵستکارەکانی بە توندئاژۆ و ئیسلامخوازی ڕادیکاڵ ناو نا و وتی ئەو بەرهەڵستکارانە هەوڵ دەدەن دووفاقی بخەنە نێو گەلانی سووریا و ئەو فێڵەش ئەنجامی باشی بوو.

سێهەم هۆکار ئەوە بوو بەشار ئەسەد لە باری ئایدیالۆژییەوە پشتگیری دەکرا. بەشار ئەسەد سەرەتا مکووڕ بوو لە سەر ئەوەی بیسەلمێنێت کە خۆپیشاندانەکان لە دەرەوەی سووریا هیدایەت دەکرێت و ئەوەندە ئەو قسەیەی دووپات کردەوە کە هەمووان قەناعەتیان پێ هێنا. سەرەڕای ئەوەش ئەسەد بەڵێنی چاکسازی کردن و هەموارکردنی دەستووری بە گەلی سووریا دا و ئەوەش پشتگیریی جەوماوەری بۆ ئەسەد ڕاکێشا.

چوارەم هۆکار ئەوە بوو دەسەڵاتی ئەسەد لە سیاسەتی ئیرعاب و چاوترساندن کەڵکی وەردەگرت. لە دوایین ڕاپەڕیندا کە دژ بە حافز ئەسەد بەڕێوە چوو ناوبراو ساڵی 1982 زیاتر لە 10 هەزار کەسی قەتڵوعام کرد. ئەسەدیش پاش 2011 هەمان کرای کرد و بگرە خراپترشی کرد.

مانگی ئابی 2011 وڵاتانی ڕۆژئاوا داواین لە ئەسەد کرد واز لە دەسەڵات بهێنێت و گەمارۆی ئابووریی قورسیان بە سەر ئەسەددا سەپاند. وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت تورکیا و قەتەر و سعوودیە پێوەندیی خۆیان لەگەڵ سووریا پچڕاند و دوژمنانی بیانی دەستبەجێ دەستیان کرد بە پشتگیری کردن و پڕچەککردنی بەرهەڵستکارانی ئەسەد بەڵام ئەوەش بە بۆنەی یارمەتییەکانی دوو وڵاتی هاوپەیمانی ئەسەد واتا ئێران و ڕووسیا ئەنجامی نەبوو.

ئەوانەی دۆستی ئەسەد بوون بە هەموو چەشنێک پشتگیرییان دەکرت. ڕووسیا 12 جار مافی ڤیتۆی خۆی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەقازانجی ئەسەد بەکار هێنا. ڕووسیا و ئێران یارمەتیی دارایی و ئابوورییی باشیان بۆ ئەسەد دەنارد و ڕێگەیان نەدەدا گەمارۆکان کارتێکەر بێت لە سەر سیستەمی دەسەڵاتی ئەسەد.

دەوڵەتە بیانییەکانیش دەوری تایبەتیان بینی لە بێهێز کردنی لایەنە بەرهەڵستکارە چەکدارەکان. وڵاتانی بیانی هەوڵیان دەدا هەموو هێزە بەرهەڵستکارەکان کۆ بکەنەوە و یەکیان بخەن بەڵام ڕاجیاوازیی ئایدیۆلۆژییانە و بەتایبەت پێگەی ئیسلام لەو هێزانەدا وای کرد سەربزێوان ڕێچکەکەیان لێک جیا بکەنەوە.

ئەگەر تەنها ڕۆژئاوا ئیرادەی لەناوبردنی ئەسەدی کردبا بێگومان دەسەڵاتی ئەسەد هەرەسی دەهێنا. بەڵام ئۆباما حەزی نەدەکرد ڕووخاندنی ئەسەد بکاتە ئەولەویەت. لە بەر ئەوەی پێشتر لەبارەی قەزافییەوە ئەو کارەی کردبوو و نەک هەر سەقامگیری و ئاشتیی لێنەکەوتبووەوە بەڵکوو بوویە هۆی پەرەسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری. بۆیە ئەمریکا هەوڵی دا دەست بکات بە پڕچەککردن و مەشقپێکردنی بەرهەڵستکارە میانەڕەوەکانی سووریا.

هەروەهاش ئۆباما هەڕەشەی لە ئەسەد کردبوو کە ئەگەر بێتوو چەکی کیمیایی دژ بە بەهەڵستکاران بەکار بهێنێت هەڵمەتی سەربازی دژ بە ئەسەد بەکار دەهێنێت بەڵام پاش ئەوەی ئەسەد چەکی کیماییی بەکار هێنا ئۆباما لە قسەکەی پاشگەز بوویەوە و بەباشی زانی چەکی کیماییی ئەسەد بە دەست ڕووسیا تۆپباران بکرێت.

کە ترەمپ دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، بەشار ئەسەد لە دۆخێکی ئەمن و بێوەیدا بوو. لەلایێکی دیکەشەوە ترەمپ تەرکیزی کردە سەر مەشقپێکردن و پڕچەککردنی کورد و شەڕی دژ بە داعش. ئەگەرچی دوو جاریش لە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمایی هێرشی کردە سەر بەشار ئەسەد بەڵام وا دەردەکەوت کە ترەمپ دەیهەوێت خۆی بە ئازاتر لە ئۆباما پیشان بدات.

کە لە دەرەوەی بازنەکە سەیری ڕەوتەکە بکەین، سەرکەوتنەکەی ئەسەد لە ڕاستیدا سەرکەوتن نەبوو. ئەسەد بەسەر کەلاوە و خۆڵەمێشەوە دانیشتووە و لە کۆشکەکەیەوە سەیری وڵاتە لێقۆماو و وێرانەکەی دەکات. بەو حاڵەشەوە هێشتاکە دەبێت شەڕی جیهادییەکان بکات و زۆر بەشی دیکەی خاکی سووریا لە بندەست بەرهەڵستکاران دەربهێنێت. ئەسەد دەبێت بەو حەشیمەتەوە کە ڕێژەیێکی بەرچاوی لێ کەم بۆتەوە و لەباری تەکنیکی و زانستیشەوە توانای نەماوە، ئابوورە ڕووخاوەکەی ببووژێنێتەوە و وڵاتە ڕووخاو و قەرزدارەکەی ئاوەدان بکاتەوە. ئەسەد بە دوو هاوپەیمانەکەی خۆی واتا ئێران و ڕووسیا پشتئەستوورە. ئەو دوو وڵاتە دزەیان کردۆتە نێو ئابووری سووریا و شوێندانەریی زۆریان لەو وڵاتەدا هەیە. ئەسەد دەبێت ملوێنان ئارام بکاتەوە کە بە گیان و ماڵیان پشتگیریی ئەسەدیان کرد.

*لە ماڵپەڕی دیپڵۆماسیی ئێرانی وەرگیراوە

News Code 27205

Your Comment

You are replying to: .
captcha