کۆمیسیۆنی ھه‌رێم: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دوا ناخرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کۆمسیۆنی باڵای ھه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێمی کوردستان ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ تا ئێستا له‌ ئاماده‌کارییه‌کان بۆ ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان به‌رده‌وامن و به‌رپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنه‌که‌ش ده‌ڵێت: "ھیچ ساردبوونه‌وه‌ و دواخستنێک له‌ کاره‌کانی ئێمه‌دا نییه و ھه‌وڵ ده‌ده‌ین له سلێمانی بانگه‌شه‌یێکی جیاواز به‌ڕێوه‌ بچێت".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. ڕێبین ئه‌بووبه‌کر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی ھه‌رێم له ‌کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: "ھه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌مساڵ بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردن جیاواز بێت له‌وانی دیکه‌، به‌وه‌ی ھه‌ر که‌سێک له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و پلانه‌کانی کۆمیسیۆندا کاره‌کانی خۆی بکات و پلانه‌کانیش سه‌رجه‌م پۆسته‌ر و وێنه‌ و ئاڵا و لۆگۆ و دروشمه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا بێت".

ناوبراو وتیشی: "نامانه‌وێت له‌ شاره‌که‌دا که‌ پارێزگاری سلێمانیش ھاوکار و ھه‌ماھه‌نگه‌ بانگه‌شه‌ خه‌ڵک بێزار بکات و ئاسته‌نگ بۆ ھاووڵاتییان دروست بکات و ببێته‌ ھۆی تێکدانی ژینگه‌ش".

د.ڕێبین له‌باره‌ی سه‌ردانکه‌رانی بنکه‌کانی نوێ کردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ئاشکرای کرد: "له‌ ملیۆنێک و ١٥٠ ھه‌زار ده‌نگده‌ر تا ئێستا نزیکه‌ی ٢٨ ھه‌زار ده‌نگده‌ر سه‌ردانی بنکه‌کانیان کردوووه‌ به‌ڵام ھێشتا کاتیش ماوه‌ و ئه‌گه‌ری درێژکردنه‌وه‌شی ھه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژی دیکه‌ ئه‌ویش دوای بڕیاردانی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیارانه‌وه‌".

ناوبراو سه‌باره‌ت به ‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ش جه‌ختی کرده‌وه‌: "بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردن یاسا ماوه‌که‌ی دیاری ده‌کات به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران ده‌توانێت له‌ سنوورێکی دیاریکراودا گۆڕانکاریی له‌و ماوه‌یه‌دا بکات به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران به‌ شێوه‌یێکی فه‌رمی ئێمه‌ی ئاگادار نه‌کردۆته‌وه‌ و ھه‌ر بڕیارێکیش بدرێت ئێمه‌ پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین".

ڕێبین ئه‌بووبه‌کر باسی له ‌ئه‌گه‌ری دواخستنی ھه‌ڵبژاردنیش کرد و وتی: "ھه‌ندێک بڕیار ھه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆمیسیۆنه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ن و دواتر ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران پێمان ڕابگه‌یه‌نێت سه‌باره‌ت به‌دواخستنی ھه‌ڵبژاردن ئه‌وکات ئێمه‌ش کاری پێده‌که‌ین و تا ئێستاش کۆمیسیۆن له‌ کار و ئاماده‌کارییه‌کانی بۆ ھه‌ڵبژاردن به‌رده‌وامه ‌و ھیچ ساردبوونه‌وه ‌و ئه‌گه‌رێکی دواخستنیش له‌ئارادا نییه‌".

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27169

Your Comment

You are replying to: .
captcha