ئەحمەد حاجی ڕەشید: تەوافوق هەیە لە نێوان عەبادی و بارزانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندام پەڕلەمانی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوای وایە تەوافوقێک لە نێوان حەیدەر عەبادی و نێچیرڤان بارزانی هەیە و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وتووە: نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی پشتگیری کردنی عەبادی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدای کرد و ئەوەش تەوافوقێکی نێوانیانە بۆ ئەوەی حکوومەتەکەی عەبادی بڕیار لە سەر نەوتی هەرێم نەدات.

کوردپرێس:

گفتوگۆ و مشتومڕ لە سەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی بەغدا پاش هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایار ئێستاش بەردەوامە و کۆتلە گەورە و بچووکەکان عێراق سەرقاڵی دیدار و ڕاگۆڕینەوەن و ڕۆژانە هەواڵ و ڕاپۆرتی دژبەیەک لەو بارەیەوە بڵاو دەبێتەوە.

ئەمریکا پشتگیریی عەبادی دەکات بۆ دوبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی پارتی سەردانێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ بەغدا کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆ بوویەوە و ئەو سەردانە چاوەڕواننەکراوە بارزانی سەرنجی ڕۆژنامەوانانی ڕاکێشا.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەڕلەمانی عێراق لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە تا ئێستا لایەنەکان چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەکەن لە بەر ئەوەی تا ئێستا دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق یەکلا نەبوونەتەوە و ئێمەش خەریکین گفتوگۆ و محاولە دەکەین و لە لایێکی دیکەشەوە تا ئێستا کۆتەلەی یەکەم دروست نەبووە و لایەنەکان سەقفی مەتالیبیان بەرزە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید لەبارەی شوێندانەریی وڵاتانی بیانی لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بە کوردپرێسی وت: کاریگەریی دوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا لە سەر پێکهێنانی حکوومەت دەبینرێت و لێکترازانی لایەنەکانیش بۆتە کێشە بەتایبەتی کورد بۆتە دوو بەش، شیعە بۆتە دوو بەش و ئەوەش وای کردووە کۆتلەی یەکەم دروست نەبێت.

ئەو ئەندام پەڕلەمانی کۆمەڵی ئیسلامی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێشبینی دەکەن پێکهێنانی حکوومەت لە بەغدا چەند بخایەنێت بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: پێشبینی دەکەم حکوومەتی نەجاتی وەتەنی پێکبهێنرێت بۆ ماوەی 6 مانگ تا یەک ساڵ و دووبارە ئینتخابات بکرێتەوە چوونکە ئەم ئەنجامانە تا ئێستا جێگەی قبووڵ نییە و نەیتوانیوە بە شێوەیێک لە شێوەکان لایەنەکان ڕازی بکات.

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تا ئێستا ئەمریکییەکان دیفاع لە عەبادی دەکەن بۆ ئەوەی بۆ جاری دووهەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداش بۆ پشتگیری لە عەبادی بوو بەڵام خاڵی یەکەمی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا بۆ کێشەی نەوت بوو کە بڕیارە 14ی مانگ لە مەحکەمەی ئیتیحادی لە سەر مەسەلەی نەوتی هەرێمی کوردستان جەلەسەی دووهەم یان سێهەم بکرێت بۆ ئەوەی بزانن چی بکەن کە بڕیارێک نەدەن کە دوچاری مەشاکیل بن و ڕەنگە حکوومەتەکەی عەبادی جارێ بڕیار نەدات ئەگەر ئەمان پشتگیری لە کاندید بوونەوەی حەیدەر عەبادی بکەن بۆ دوبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئاشکراشی کرد کە بە دڵنیاییەوە ئەمریکا لە پشت سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە بوو لە بەر ئەوەی ئەمریکا دوو قەزیەی هەیە: یەکەم پشتگیریی حەیدەر عەبادی زۆر لای مەقسەدە و ئەمانیش موقابیلی ئەو دەکەن و پاڵپشتی عەبادی دەبن لە بەر ئەوەی بڕیار لە سەر نەوت نەدات. بە قەناعەتی من تەوافوقەکە ئەوەیە.

News Code 27168

Your Comment

You are replying to: .
captcha