بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: لێدوانه‌کانی قوباد تاڵه‌بانی بێ‌بنه‌مایه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕای‌گه‌یاند: لێدوانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی ڕه‌زامه‌ندیی تێکڕای حیزبه‌کان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان نادروست و بێ‌بنه‌مایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شۆڕش حاجی وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کاردانه‌وه‌ به‌ لێدوانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکرده‌ی باڵای یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان پیشان ده‌دات که‌ ڕای‌گه‌یاندبوو هه‌موو لایه‌نه‌کان داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن و ده‌شڵێت: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نین و ده‌بێت له ‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و "بڕۆن له‌ قوباد تاڵه‌بانی بپرسن بزانن ئه‌و قسه‌یه‌ی له‌ کوێ ‌هێناوه‌ به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ قسه‌ ده‌کات".

ناوبراو گوتیشی: وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ربڕیوه و‌ داواش ده‌که‌ن له‌ کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت.

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی 6ی ئاب قوباد تاڵه‌بانی له‌ کردنه‌وه‌ی تێرمیناڵی فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانیدا ڕای‌گه‌یاند: "هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردندان به‌ڵام هیچ لایه‌نێک ناوێرێت داوای بکات".

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27138

Your Comment

You are replying to: .
captcha