کوردپرێس- ڕاگۆڕینه‌وه پاش هه‌ڵبژاردن و دانووستان بۆ پێکهێنانی زووتری حکوومه‌ت به دیدار و چاوپێکه‌وتنی سه‌رکرده سیاسییه‌کانی عێراق که‌وتۆته ژێر سێبه‌ری قورسی ناڕهزایییه به‌رفراوانه‌کانی خه‌ڵکی سه‌ر شه‌قام له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق. ئه‌و تووڕهیییهش نابێت ته‌نها له یه‌ک ڕوانگه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت. ئێستا ناڕه‌زاییی خه‌ڵکی عێراق پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی به به‌شداریی حیزب و قه‌باره سیاسییه‌کان هه‌روه‌هاش ده‌نگۆ و ئیدعای ساخته‌کاری و داوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان و ئاگربه‌ردان له کۆگای سندۆقه‌کانی ده‌نگدان وای کردوووه هه‌واڵه‌کانی عێراق ببێته مانشێتی ڕۆژنامه و هه‌واڵی ناوچه‌که. کوردپرێس به مه‌به‌ستی شیکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ڕووداوی ئه‌مدواییه‌ی عێراق به‌تایبه‌ت ناڕه‌زایییه‌کان و مه‌رج و ئاسۆی پێکهاتنی حکوومه‌تی نوێ و ئه‌و بژاردانه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی داهاتوو پێشبینی ده‌کرێن گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی به‌رجه‌سته‌ی کوردی عێراقی کردوووه بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی کورد له به‌غدا و هه‌روه‌هاش شوێنهدانهریی ده‌سه‌ڵاتی ئێران و ئه‌مریکا له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق بخاته ڕوو. ده‌قی دیمانه‌که:
کوردپرێس: ئێستا عێراق گیرۆده‌ی کۆمه‌ڵێک قه‌یران بوووه وه‌کوو قه‌یرانی سیاسی له پێکهێنانی حکوومه‌ت و قه‌یرانی خۆپیشاندان و نموونه‌ی کێشه‌ی دیکه‌ش. به گشتی به ڕای ئێوه ئه‌م دۆخه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
مه‌حموود عوسمان: دۆخه‌که سێ هۆکاری هه‌یه: یه‌که‌م؛ ئه‌وانه‌ی پاش لابردنی سه‌دام عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا هاته ناوچه‌که، ئه‌وانه پیاوی ده‌وڵه‌ت نین و توانای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تیان نییه و ئیداره‌که‌یان زۆر لاوازه. دووهه‌م ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له عێراق زۆر بوووه. له ئه‌ساسدا ئه‌مه‌ریکا بوو که گه‌نده‌ڵیی هێنایه عێراق. حوکمی عێراقی کرد و عێراقی ڕووخاند. کۆمپانیا و شهریکاتیان هێنا و گهندهڵییێکی گه‌وره‌یان له مووچه و پاره دروست کرد ئه‌وه‌ش به‌رده‌وامه. سێهه‌م ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له پۆستهکانیتر جگه له پۆسته سیاسییه‌کان داده‌نرێن به‌پێی توانا و شاره‌زایی و لێهاتوویی دانانرێن به‌ڵکوو له‌سه‌ر بنه‌مای حیزب- حیزبێنه و له‌سه‌ر پێوه‌ری سیاسی داده‌نرێن. ئه‌و سێ هۆکاره وای کردوووه نه‌توانن ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته بکه‌ن و ڕۆژ به ڕۆژ کێشه‌کان که‌ڵه‌که بوون و خه‌ڵک وای لێهاتوووه هاتۆته سه‌ر جاده و خۆپیشاندان ده‌کات و داوای مافی خۆی ده‌کات. ئه‌و خه‌ڵکه‌ش هه‌مان خه‌ڵکن که نه‌چوون بۆ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 12ی ئایار که نزیکه سه‌دا 60 بۆ 70ی خه‌ڵکه‌که ده‌نگیان نه‌دا. حکوومه‌تیش ناچێت به ده‌نگیانه‌وه پێش ئه‌وه‌ی شته‌که تێک بچێت. پێویسته حکوومه‌ت به ده‌م خه‌ڵکه‌وه بچێت و کێشه‌کانیان وه‌ربگرێ و چاره‌سه‌ریان بکات و خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بکات پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بێته سه‌ر جاده و داوای بکات.
کوردپرێس: خۆپیشاندانه‌کان دوو بابه‌ت ده‌گرێته‌وه یه‌کیان مه‌وزووعی خزمه‌تگوزارییه و دووهه‌میش ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا باس له‌وه ده‌کرێت هه‌ندێک لایه‌ن له پشت خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌ن و هانی خۆپیشانده‌ران ده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت ڕێکخستن و دیکه‌ی کاره‌کانیشی به هه‌ندێک لایه‌ن ئه‌نجام ده‌بێت. کامه فاکته‌ر به‌هێزتره له‌وه‌ی که ئه‌م دۆخه هاتۆته ئاراوه؟
مه‌حموود عوسمان: هه‌ر دوو فاکته‌ره‌که هه‌ن. فاکته‌ری یه‌که‌م ئه‌وه‌یه خه‌ڵکه‌که داواکاریی زۆره و دۆخی ئابووری و ژیانی باش نییه و ئه‌و دۆخه‌ش به‌رده‌وامه له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ته‌بعه‌ن خه‌ڵک دێنه سه‌ر جاده. دیاره که‌س یان حیزبیش هه‌یه سوودی لێ وه‌ربگرێت بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له ناو خۆپیشانده‌راندا سه‌رنج بدرێت هه‌ندێک له داواکارییه‌کان خزمه‌تگوزاری و کاره‌با و ئاو و بێئیشییه. هه‌ندێک جار داوای ئه‌وه‌یشی تێدایه که ده‌ڵێن ده‌بێت حکوومه‌ت بگۆڕدرێت و په‌رله‌مان نه‌مێنێت. دیاره شتی سیاسیشی تێدایه. ئه‌و دروشمه سیاسییانه‌ی که له پشت خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌یه کێشه بۆ ئه‌وه دروست ده‌که‌ن که حکوومه‌ت زوو پێک نه‌هێنرێت و دۆخی عێراق به‌ره‌و خراپتر بڕوات.
کوردپرێس: ئاماژه‌تان به گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری دا. کامه لایه‌ن له پشت ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییان له‌م دۆخه‌دا هه‌یه؟
مه‌حموود عوسمان: به ڕای من سه‌درییه‌کان (ڕه‌وتی سه‌در) تا ڕاده‌یێک ده‌وریان هه‌یه. ئه‌وان زیاتر هێزیان هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت خۆپیشاندانه‌کان خه‌ڵکی باشیشی تێدایه ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ڕژێمی کۆن و به‌عسیشی تێدایه و به‌هره‌ی لێ وه‌رده‌گرێت به‌ڵام به ڕای من له ناو هه‌موو ئه‌و هێزانه‌دا ڕه‌نگه لایه‌نی سه‌دری له لایه‌نه‌کانی دیکه زیاتر بێت چوونکه له 10 ساڵی ڕابردووی مێژووی عێراقدا چی خۆپیشاندان کرابێت هه‌موو سه‌درییه‌کان کردوویانه.
کوردپرێس: له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌وه‌ی سه‌درییه‌کان سه‌رکه‌وتووی هه‌ڵبژاردنه‌کان بوون دوای چ ئامانجێک ده‌که‌ون له پشتگیری کردنی خۆپیشاندانه‌کان؟
مه‌حموود عوسمان: سه‌درییه‌کان سه‌رکه‌وتووی هه‌ڵبژاردنه‌که بوون پاشان ویستیان حکوومه‌تێک به مه‌یلی خۆیان دروست بکه‌ن و دیار بوو هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵی نه‌بوون. ئیتر ئه‌مه‌ش وه‌کوو فشارێکه بۆ سه‌ر عه‌بادی و بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عه‌بادی و بۆ ئه‌وه‌ی فشاری بخه‌نه سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ببێته تابیعی ئه‌وان. هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه مومکینه ئه‌وانیش ڕۆڵێکیان هه‌بێت مه‌رج نییه هه‌مووی به‌وان بکرێت به‌ڵام من دڵنیام جۆره ڕۆڵێکیان تێیدا هه‌یه.
کوردپرێس: ئه‌گه‌ر به شێوه‌یێکی گشتی باس له لایه‌نی شیعی بکه‌ین که به دڵنیایییه‌وه حکوومه‌ت به‌و لایه‌نه پێکده‌هێنرێت ئێستا دابه‌ش بوونیان چۆنه و به سه‌ر چه‌ند به‌ره‌دا دابه‌ش بوون؟
مه‌حموود عوسمان: دوو به‌ره‌ی سه‌ره‌کی له شیعه‌کاندا ڕۆڵ ده‌بینێت یه‌که‌م سه‌درییه‌کانن که ده‌یانه‌وێت حیزبی ده‌عوه نه‌یته پێشه‌وه و سه‌رۆک وه‌زیر له‌وان نه‌بێت و ته‌نانه‌ت داوایان له عه‌بادی کردوووه ده‌ست له کار بکێشێته‌وه و واز له حیزبی ده‌عوه بهێنێت ئینجا مومکینه ته‌ئیدی بکه‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران. له هه‌مان کاتیش‌دا لایه‌نی دیکه بریتییه له عامری و فه‌تح و مالیکی و مومکینه عه‌بادیش لێیان نزیک بووبێته‌وه. به گشتی ئه‌و دوو لایه‌نه به‌رانبه‌ر یه‌کن و کورد و سوننه‌ش هێشتاکه خۆیان ساغ نه‌کردۆته‌وه که به لای چ لایه‌نێکدا بڕۆن به‌ڵام ئه‌وانیش ڕۆڵیان ده‌بێت. له ئه‌ساسدا ڕه‌وته‌که ئه‌وه‌یه حکوومه‌تێک دروست بکرێت هه‌موو حزبه‌کانی تێدا بێت چوونکه ئه‌وه به ته‌جروبه له کوردستان سه‌ر نه‌که‌وت و له عێراقیش سه‌رنه‌که‌وتوو ده‌بێت. له سیسته‌می په‌رله‌مانی نابێت حکوومه‌تێک دروست بکرێت هه‌موو لایه‌نه‌کانی تێدا بێت به‌ڵکوو ده‌بێ ئۆپۆزیسیۆن هه‌بێت و هه‌ندێک حوکم بکه‌ن و هه‌ندێکیش ئۆپۆزیسیۆن بن بۆ ئه‌وه‌ی شتێکی ته‌ندروست و ڕێکوپێک بێت به‌ڵام له عێراق هه‌مووی ده‌یه‌وێت بچێته ده‌سه‌ڵات و که‌س نایه‌وێت ئۆپۆزیسیۆن بێت ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یێکی گه‌وره‌یه.
کوردپرێس: ئاماژه‌تان به لایه‌نی کورد و سوننه کرد. ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی دوو لایه‌نی پارتی و یه‌کێتی له به‌غدا ده‌یکه‌ن بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت و باس له پڕۆژه‌ی نیشتمانی به به‌شداریی دیکه‌ی لایه‌نه‌کان ده‌که‌ن ئه‌و بابه‌ته چۆن ده‌بینن؟
مه‌حموود عوسمان: من پڕۆژه‌یێکی نوێم نه‌بینیوه و هه‌مان قسه‌ی کۆنه. له‌وه‌ته‌ی سه‌دام ڕووخاوه و ئه‌مه‌ریکا هاته حوکمه‌وه و پاش ئه‌مه‌ریکاش ئه‌مانه هاتوون کورد له‌گه‌ڵ لایه‌نی حکوومه‌تی به‌غدا هه‌ندێک کێشه‌ی هه‌یه. کێشه‌ی پێشمه‌رگه و نه‌وت و غاز و ماده‌ی 140 و سنووری هه‌رێم و ئه‌و بابه‌تانه. هه‌روه‌هاش مه‌سه‌له‌ی ئیداره و به‌شداری کردن له حکوومه‌ت. هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ش وه‌کوو خۆی ماوه. پڕۆژه‌که‌ی ئێستاش هه‌مان کێشه‌ی تێیدایه و بڕوام نییه شتێکی تازه‌ی تێدا بێت. دیاره حیزبه‌کانی دیکه‌ش وه‌کوو یه‌کێتی و پارتی گوتوویانه به ته‌نیا ئه‌چین و به جیا پڕۆژه‌مان ده‌بێت. ئه‌وه‌ش شتێکی باش نییه چوونکه یه‌کێتیی کورد لاواز ده‌کات و قورسایییان له به‌غدا که‌متر ده‌بێت.
کوردپرێس: پێشبینتان بۆ چۆنیه‌تیی به‌شداری کردنی کورد له حکوومه‌تی داهاتوو چی ده‌بێت؟ ئایا به‌شدارییێکی جیاواز ده‌بێت له خوله‌کانی ڕابردوو؟
مه‌حموود عوسمان: بڕوا ناکه‌م به‌شدارییێکی جیاواز بێت له خوله‌کانی ڕابردوو چوونکه کوردیش خۆی یه‌ک نییه و تا بێت لاوازتر ده‌بێت به‌ڵام به‌شدار ده‌بن چوونکه هه‌ر لایه‌نێک بیه‌وێت حکوومه‌ت دروست بکات پێویستی به کورد ده‌بێت که هاوکار بێت له‌گه‌ڵی. کوردیش پێویستی به‌وه‌یه که هاوکار بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان به تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی که ڕیفراندۆم سه‌ر نه‌که‌وت بۆیه ده‌بێت کورد هه‌وڵ بدات مافه‌کانی خۆی له ناو عێراقدا په‌یڕه‌و بکات و چی پێکرا بیکات. ده‌ستوور جێبه‌جێ بکات. به‌ڵام من بڕوا ناکه‌م به‌شداریی کورد به‌شدارییێکی به‌هێز بێت.
کوردپرێس: ئاسۆی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ی ئاماژه‌تان پێدا له نێوان هه‌رێم و به‌غدا چۆن ده‌بینن؟
مه‌حموود عوسمان: ئه‌وه‌ش پێوه‌ندیی به‌وه‌یه ئایا کێ حکوومه‌ت پێکده‌هێنێت و به‌ستراوه به گفتوگۆی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه. هه‌روه‌هاش پێوه‌ندیی به یه‌کێتیی کوردیشه‌وه هه‌یه یانی ده‌بێت کورد هه‌موو یه‌کده‌نگ بن بۆ ئه‌وه‌ی باشتر به مافی خۆیان بگه‌ن. ته‌بعه‌ن جۆری حکوومه‌ت و ئه‌وه‌ی کام لایه‌ن حکوومه‌ت دروست ده‌کات که ئایا هه‌مان لایه‌ن و که‌سانی کۆنن یان خه‌ڵکی تازه دێته پێش ئه‌مه هه‌مووی کاریگه‌ریی ده‌بێت به‌ڵام هه‌ندێک ده‌وڵه‌تیش ده‌وری ده‌بێت ده‌وڵه‌تی یه‌که‌م ئێرانه که کاریگه‌ریی له هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کان زیاتره و ده‌بێت کورد هه‌وڵ بدات پێوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت. ئه‌مه‌ریکاش هه‌یه به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا ئێستا ده‌وری که‌متر بۆته‌وه و خۆیشی نایهه‌وێت له‌م ناوچانه ده‌وری زۆر بێت و زیاتر خه‌ریکی که‌نداو و سعوودیه و خه‌لیج و پاره په‌یداکردنه. ده‌بێت حیسابی هه‌موو ئه‌م شتانه بکرێت.
کوردپرێس: پێشبینی ده‌که‌ن سه‌رۆک وه‌زیران له کام لایه‌ن بێت؟
مه‌حموود عوسمان: دیار نییه به‌ڵام ئه‌گه‌ر عه‌بادی له‌گه‌ڵ سه‌در بڕوات و هه‌رچی سه‌در ویستی جێبه‌جێ بکات که ئه‌وه‌ش زه‌حمه‌ته ڕه‌نگه مانعیان نه‌بێت بۆ خولی دووهه‌م ببێته‌وه به سه‌رۆک وه‌زیر به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌کرێت به ڕای من مومکینه عامری ببێت به سه‌رۆک وه‌زیر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شتێکی تازه‌یه و پێشتر مالیکی ته‌جروبه کراوه. له هه‌مان کاتیش‌دا زۆر ڕوونیش نییه به‌ڵام هه‌ندێک لایه‌ن باسی دوو که‌سی دیکه‌ش ده‌که‌ن یه‌کیان تاریق نه‌جمه که کاتی خۆی له‌گه‌ڵ مالیکی سه‌رۆک دیوان بوو. یه‌کیشیان ساڵح فه‌یازه که سه‌رۆکی دایره‌ی ئه‌منی گشتی بوو. مومکینه یه‌ک له‌و که‌سایه‌تییانه وه‌کوو ده‌موچاوی تازه بێنه پێشه‌وه. هه‌موو ئه‌م باسانه هه‌یه. به ڕای من مومکینه شیعه‌کان له‌سه‌ر لایه‌نێک یان شه‌خسێک ڕێکبکه‌ون. مه‌رجه‌عییه‌تیش حه‌تمه‌ن هاوکارییان ده‌کات چوونکه ئێرانیش هاوکارییان ده‌کات و هه‌موو لایه‌نێک مه‌به‌ستیانه شیعه حوکمی له‌ده‌ستدا بمێنێت.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنه‌وه: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment