بۆچی کوردی سووریا ڕووی کردۆتە دانووستاندن لەگەڵ دیمەشق؟

بەشی جیهان- دەوڵەتی مەرکەزیی سووریا ئێستا ناوچەی زیاتری لە بندەست سەربزێوانی حکوومەت دەرهێناوە و ئەمریکاش نواندوویەتی کە پێ دەچێت لە سووریا بکشێتەوە ئەوانەش وای کردووە کورد بیر لە گفتگۆکردن لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بکاتەوە.

کوردپرێس:

دەوڵەتی سووریا بەردەوامە لە پێشڕەوی کردن بەرەو باشووری ئەو وڵاتە و هێزی سەربازیی لە سنووری ئوردۆن و لە بەرزاییەکانی جەولان جێگیر کردووە و هاوکات نیشانەگەلێک دەبینرێت لە نزیک بوونەوەی نێوان دەوڵەتی دیمەشق و هێزی سووریای دیموکرات کە کۆنتڕۆڵی بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتی بەدەستەوەیە.

ئەنجومەنی دیموکراتیی سووریا لە کونفڕانسی سێهەمی خۆی لە شاری تەبقا کە 16ی تەمووز بەڕێوە چوو نەخشەڕێگایێکی گشتگیری ڕاگەیاند کە بە "ئیدارە خۆسەرە دیموکراتیکەکان" ناوی لێبرابوو. نەخشەڕێگاکەش پیشاندەری ئیدارە خۆسەرەکانی هێزی دیموکراتیکی سووریایە کە لە کورد و عەرەب پێک هاتووە.

ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا هاوپەیمانێتییێکە کە 8 و 9ی کانوونی یەکەمی 2015 لە حیزب و قەبارەی جۆربەجۆر پێک هات. ئەنجومەنی دیموکراتیی سووریا لقی سیاسیی هێزی دیموکراتیکی سووریایە کە لەلایەن ئەمرکیاوە پاڵپشتی کراوە و ئێستاش شەڕی دژ بە داعش دەکات.

نیشانەکان باس لەوە دەکەن کە ئینتیما هەیە بۆ پێوەندی کردنی ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق. ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا ڕۆژی 13ی تەمووز بە ئاژانسی هەواڵی هاور نیوزی وتووە گفتوگۆ هەیە لە نێوان هێزی دیموکراتیکی سووریا و دەوڵەتی دیمەشق بۆ ئیدارەدانی باشتری تەبقا و پێدانی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان و دوبارە کۆنتڕۆڵ­کردنەوەی بەنداوی تەبقا لەلایەن دەوڵەتی مەرکەزییەوە.

ئیلهام ئەحمەد زیادی کردووە: گفتوگۆکان لە ئاستی بەرپرسە خۆجێییەکاندا بەردەوامە ئەوەش بە مەبەستی گەڕانەوەی فەرمانبەران و بەرپرسانی پێشووی بەنداوی تەبقا بۆ پۆستەکانیان و دەوام کردنیان لەو بەنداوە.

پاش 2011 کە دەنگی ناڕەزایی هاووڵاتییانی دانیشتووی بەری ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا بەرز بوویەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەپەگە بەیاوەریی عەرەب و دیکەی پێکهاتەکان هێزی سەربازییان لەو ناوچەیە پێک هێنا و پێگەی خۆیان بەهێز کرد.

هێزی سووریای دیموکرات ناسراو بە SDF وەکوو هاوپەیمانی ئەمریکا دژ بە داعش توانیی ئەو هێزانە لەو ناوچەیە دەربکات و لە کۆی 185 هەزار کیلۆمەتری ژێر ڕکێفی داعش، بڕی 35 هەزار کیلۆمەتر ئازاد بکات. بەشار ئەسەد ڕۆژی 31ی ئایاری ئەمساڵ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەو ناوچانە دەسێنێتەوە. بەشار ئەسەد لەو بارەیەوە وتی: "تاکە کێشەی سووریا، هێزەکانی SDFن".

پێ­دەچێت هەمان نیگەران­بوونی SDF لەوەی کە ڕەنگە بەشار ئەسەد لە قۆناغی داییدا ئەوان باتە ئامانج هۆکاری سەرەکی بێت بۆ دانووستاندنیان لەگەڵ دیمەشق.

سیهانۆک دبۆ ڕاوێژکاری سیاسیی سەرکردەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی یان PYDیە و ئەو پارتەش خشتەی سەرەکیی ئەنجومەنی دیموکراتیی سووریایە.

ناوبراو لە بارەی دانووستانی نێوان ئەو هێزانە و دەوڵەتی دیمەشق بە ئەلمانیتۆری وتووە: نەتەوە یەکگرتووەکان داوای چارەسەرێکی ئاشتییانەی کردووە بۆ قەیرانی سووریا و بە ڕای ئێمەش دانووستاندن بژاردەیێکی مەعقوولە نەخوازەڵا کە ئمریکا و ڕووسیاش ڕێگر نیین بۆ ئەو دانووستاندنە.

ئەنجومەنی دیموکراتیی سووریا بەردەوام موناقەشە لە سەر دانووستاندنەکان دەکات و نەخشەڕێگایێکی ئامادە کردووە کە تێیدا ئەنجومەنە خۆسەرە دیموکراتەکان و ئەنجومەنی ناسەربازیی ڕەقە و دەیرەزوور و مەنبەجی تێدا بەشدارن نەخوازەڵا کە شەڕی داعش ڕوو لە تەواوبوونە و ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە لە سووریا دەکشێتەوە بەڵام کاتەکەی نادیارە و ئەوەش ناڕوونی و ئاڵۆزیی دۆخەکەی زیاتر کردووە.

هەڵوێستەکە ئەمریکا زیاترین خەسار لە هێزی سووریای دیموکرات دەدات و لاوازیان دەکات بۆیە وا دەردەکەوێت باشترین و مەعقوولترین بژاردەی کورد ئەوەیە کە لە گەڵ بەهێزترین لایەنی بەرانبەری خۆی واتا دەوڵەتی ناوەند دانووستان بکات.

بەو حاڵەشەوە دبۆ وتوویەتی هۆکاری ئینتیما کردن بۆ دانووستاندن لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق ئەوەیە هاووڵاتییانی دانیشتووی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا حەز بەوە دەکەن دەرەچەیێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانی شەڕ لە ناوچەکە بدۆزرێتەوە. لەلایێکی دیکەشەوە دەوڵەتی دیمەشق لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی کراوە و ناتوانێت سەری بێ دەلاک بتاشێت و ناچارە بۆ بڕیاردان پرس بە ڕووسیا بکات.

ناوبراو زیادی کرد: دەستپێکردی دانووستاندن لەگەڵ دیمەشق بەو مانایە نییە کە ئێمە تەسلیم بووین. بەڵکوو هێشتاکە دانووستانی فەرمی لە نێوان ناچە خۆسەرەکان و بەرپرسانی دەوڵەتی سووریا دەستی پێنەکردووە.

دبۆ بڕوای وایە ستایلی ئێستای ئیدارەدانی ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاست لەگەڵ دۆخی ناوچەکە دەگونجێت و باشترین ستایلە نەخوازەڵا کە پاش فەشەلهێنانی ستایلی حکوومڕانیی دەوڵەتی مەرکەزی دەرکەوت کە سووریا پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتییانە هەیە.

لە هەمان کاتیشدا ساڵح موسلیم سەرۆکی پێشووی حیزبی کوردیی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەی ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا جەختی کردەوە ئینتیما کردن بو دانووستاندن لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بەستراوە بە مەرجی تەزمینی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێ کردنی ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان دوو لایەن.

سەرچاوە: ئەلمانیتۆر

*لە بەشی جیهانی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی

News Code 26868

Your Comment

You are replying to: .
captcha