سەرکردەکانی یەکێتی بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان لە حزبەکەدا هەر یەکەو پشتیان بە هێزی چەکداری خۆیان بەستووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی هۆکاری ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و دروستبوونی بارگرژی نێوانیان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، هەر سەرکردە و دەیەوێت قوت نەدرێت و نەخورێ، بۆیە هەریەکە و بەرگری لەخۆی دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عوسمان بانیمارانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: "هەر سەرکردە و پێیوایە تۆڵەی لێدەکرێتەوە و پەراوێز دەخرێت، چوونکە ناو یەکێتی ئەو تەبعە هەیە، بۆیە هەموویان بەرگری لەخۆیان دەکەن، تا بتوانن لەگەڵ ڕەوشەکە بگونجێن و بڕۆن."

ناوبراو جەختیشی کردەوە "پەنا بردنی سەرکردەکانی یەکێتی بۆ هێز زیان بە سلێمانی ناگەیێنێت، چوونکە مەسەلە ناگاتە پێکدادان و هەموویان ناوبانگی خۆیان دەپارێزن."

بەبڕوای عوسمان بانیمارانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، ناکۆکی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی لە قازانجی حیزبەکە نییە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت "یەکێتی بەم ناکۆکیانە ڕاهاتووە، لەسەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا ناکۆکی هەر هەبووە و هەیە."

بانیمارانی، ئاماژەی بەوەش کرد بنەماڵەیی بوونی یەکێتی هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، چوونکە حیزبەکە ڕا و بۆچوونی جیای تێدایە، دەڵێت: "یەکێتی بەردەوام سیراعی تێدابووە، کاتی خۆی لەنێوان ڕەحمەتی مام جەلال و کاک نەوشیروان، کاک کۆسرەت و کاک جەبار سیراع هەر هەبووە، بەڵام مام جەلال بووبوو بەچەتر بۆ کۆکردنەوەی ناکۆکیەکان، ئەم برادەرانەی ئێستا ناتوانن دەوری مام جەلال ببینن و ناکۆکیەکان کۆ بکەنەوە."

ناوبراو بەپێویستیشی زانی، حیزبەکەی خۆی کۆ بکاتەوە و کەم و کوڕیەکان چارەسەر بکات، تا بچووک نەبێتەوە و باڵانسی هێز بۆ کوردستان بگێڕێتەوە.

لەکۆتایی گفتووگەکەیدا عوسمان بانیمارانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی و کادیری ئێستای ئەو حیزبە، ڕوونیکردەوە سەبارەت بە کۆنگرەی یەکێتی دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونێکیان پێیوایە، یەکێتی لەسەر دەستی سەرکردایەتی تازە گەشەی کردووە، بۆچوونەکەی تریش پێچەوانەکەی بەڕاست دەزانێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2685

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha