بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازىی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزى تازەى ڕووسیا لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد لە کۆبونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوان کردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕووسیا کردەوە.
ئەوەش هاتووە، باڵیۆزى ڕووسیا "سەرسامیى خۆى بە پرۆسەى ئاوەدان کردنەوە و بنیاتنان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕیوە و ئاماژەى بەوە داوە کە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى گرنگیى بە پرسى کورد دەدات، هەروەها باسى لە کوردانى ڕووسیا کرد کە لە زۆر بوارى گرنگى وڵاتەکەدا کاران و خاوەن ڕۆڵ و پێگەى دیارن".
سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، جگە لە هەڵبژاردنەکانى پێشوەختە و دۆخى عێراق بەگشتى، کۆرۆنا و هەڵمەتەکانى کوتان بە پێکوتەى دژى پەتاى کۆڤید_19، دۆخى سووریا و دوایین پێشهاتەکانى وڵاتەکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بوو. تیایدا هەردولا هاوڕا بون کە دۆخى سووریا و کێشەکانى وڵاتەکە دەبێ لە ڕێگهی سیاسییهوه چارەسەر بکرێن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment