کوردپرێس:
ڕۆژی هەینی 2ی تەمووزی 2021 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەمیانی کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە کوردەکانی سووریا سەربەخۆیی و بەرژەوەندیی خۆیان نیشان بدەن هاوکات لە دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق رۆڵیان هەبێت، پێشوازیشی لە بڕیارەکەی بەحرەین کرد بۆ دوبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە سووریا.
لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ عەبدوللەتیف ئەلزەیانی هاوتا بەحرەینیەکەیدا وتی، "هەر لە سەرەتای دروستبونی ئاڵۆزیی سووریاوە، ئێمە هانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان داوە لە نێوان حکوومەتی دیمەشق و کوردەکاندا".
باسی لەوەش کرد، "پێم وانییە هەڕەشەی داعش لە سووریا و عێراق زۆر زیادی کردبێت بەڵکوو پلانی دامەزراندنی خەلافەت پوچەڵ کراوەتەوە و پێشوازی لە بڕیارەکەی بەحرەین دەکەین بۆ دوبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق".
ڕووسیا پێشتر چەندین جار نیگەرانی لە شێوازی مامەڵەی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردانی سوریا و پرسی کورد لەو وڵاتەدا و دەربڕیبو، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فورات، تورکیا هێرشی کردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
لاڤرۆڤ کۆتایی ساڵی رابردوو سەرکۆنەی سیاسەتەکانی واشنتنی کردبوو سەبارەت بە پرسی کورد و وتی، "سوپای ئەمریکا لەوێ بۆ چاندنی تووی دووبەرەکی لەناو کوردانی سووریا بڵاو بووەتەوە، ئەمریکییەکان کوردەکان دژی حکوومەتی سووریا هان دەدەن و لەو رێیەشەوە هەوڵی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق دەدەن.
لاڤرۆڤ راشیگەیاندبوو، "ئاشکرایە ئەو رێبازە لە سیاسەتی واشنتن نەک تەنیا بۆ سوریا، بەڵکو بۆ عێراق، تورکیا و ئێران هەستیارە و ئەمەش یارییەکی مەترسیدارە لەو ناوچەیەدا دژ بە کوردەکان دەکرێت وەک هەمیشە ئەمریکیەکان هەنگاوی لەم جۆرە هەڵئەنێت بۆ دروستکردنی ئاژاوە".
Your Comment